مەخمووری: گونجاوترین کات بۆ سەربەخۆییی کوردستان ئێستایە؛ باڵانسی ھێزیش لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە
(غەفوور مەخمووری)، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نەتەوەییی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ڕاستە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش زیانی پێ گەیاندووین، ژمارەیەک ڕۆڵەمان شەھید بوون، کارەساتی بەسەر خەڵکدا ھێنا، بەڵام شەڕی تیرۆریستان سوودیشی پێ گەیاندین؛ سنووری خاکی کوردستان، هەمووی کەوتە ژێردەستی ھێزەکانی پێشمەرگەوە، واتە پێشمەرگە بە دەست و بازووی خۆی ئەو ناوچە کوردستانییانەی ئازاد کرد و، دەتوانم بڵێم شەڕی ئێمە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش شەڕی دیاریکردنی سنووری کوردستان بوو، ھەموو ئەو ناوچانەی لە بندەستی داعش و حکوومەتی عێراقدا بوون و، دەکەونە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠وە، بۆ ھەرێمی کوردستان یەکلا بوونەتەوە و، ئەگەر لەدوای شەڕی داعش، حکوومەتی عێراق ئامادە نەبوو ددان بەو ناوچانەدا بنێت، لەگەل حەشدی شیعەی عێراقی دەکەوێنە شەڕێکی دیکەوە.''
سکرتێری گشتیی یەکێتیی نەتەوەییی دیموکراتی کوردستان پێی وایە: ''دوای شەڕی داعش ئاڵۆزی دەکەوێتە نێوان حکوومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستانەوە و ئەو ئالۆزییانەی ھەن، زیادتر دەبن، بەڵام ئەگەر ئێمە، وەک گەلی کوردستان، یەکدەنگ و یەکگرتوو بین و ناوماڵی خۆمان ڕێک بخەین، بۆ قۆناغی داھاتوو دەتوانین بە شێوەیەکی بەھێز بکەوینە دانوستان لەگەڵ عێراق. ئەگەر خوانەخواستە کەوتینە شەڕیشەوە، دەتوانین بە ھێزەوە شەڕەکە بکەین. بە باوەڕی من بۆ دەربازکردنی ئەو ڕەوشە، پێویستە بە زووترین کات سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بڕیاری دروستکردنی ئەنجوومەنی سیاسیی کوردستان بدات و، ھەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان تێیدا کۆببنەوە، تا بتوانین ئەو کێشانەی لەوێ دانوستانییان لەبارەوە دەکرێت، بڕیارێکی کوردستانیانەی لەسەر بدرێت.''
(مەخمووری) ھاتە سەر پرسی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان و گۆتی: ''لە ڕابردوودا کورد دوو جار دەرفەتی بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی لەدەست دا؛ جارێک، لە ڕاپەڕین و جاریکیش لە کاتی پڕۆسەی ئازادکردنی عێراقدا. پێویستە ئەمجارە ئەو دەرەفەتە لەکیس خۆمان نەدەین، دەبێت نەخشەڕێی سەربەخۆییی کوردستانمان ھەبێت و لەوێ بە یەکدەنگی سەربەخۆییی کوردستان ڕابگەیەنین. زۆرم پێ سەیرە، ھەندێ کەس و لایەن دەڵێن فلانە دەوڵەت ڕازی نییە. ئەگەر ئێمە، خۆمان وەک کورد ھەبین، کە ھەین و، یەکڕیز بین، ھەموو جیھان پشتگیریمان دەکات. ئێمە لە ڕابردوودا ئەزموونێکی تاڵمان لەگەڵ حکوومەتەکانی عێراق ھەبووە و ھیچ کات بە دانوستان نەگەیشتووینەتە ئەنجام، بەڵام سەرەتا شێوازێک لە شێوازەکانی دانوستان لەگەڵ عێراق پێویستە، لێ ئامانجی سەرەکیمان ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بێت.''
(مەخمووری) ئاماژەیشی دا: ''ئێستا کاتێکی زۆر گونجاوە بۆ پرسی سەربەخۆیی، ڕەوشی نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە و باڵانسی ھێزیش لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە، زۆربەی ناوچەکانمان ئازاد کراون، ھێزی پێشمەرگە ھێزێکی ڕێکخراوە و توانیویەتی پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆخۆی دەستەبەر بکات، لەڕووی دیپلۆماسییەوە ھەرێمی کوردستان پێوەندیی بەرفراوانی ھەیە و ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان نوێنەرایەتی و کونسوڵخانەی خۆیان لە ھەرێم کردووتەوە، لەڕووی ئیداریشەوە، ئێمە حکوومەتی خۆمان ھەیە، تەنھا ئەوەیە کە سەربەخۆییی خۆمان ڕانەگەیاندووە؛ خەڵکمان ھەیە، خاکمان ھەیە، حکوومەتمان ھەیە، ئابووریی سەربەخۆمان ھەیە، کە نەوتە و، ھەموو بنەماکانی دەوڵەتبوون لە ھەرێمی کوردستاندا ھەیە و، گونجاوترین کات بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ ئێستایە.''
kdp-
