کوردستانیان؛ ئێمە لە ساڵیادی ڕاپەڕینداین و بۆ سەربەخۆیی هەنگاو دەنێین، کەچی پەکەکە بە دەستێکی دەرەکی هاتووە و پشێوی دەنێتەوە
ئێستا کوردستانیان یادی ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ١٩٩١ دەکەنەوە و هۆشداریش دەدەنە (پەکەکە) دەست لە کاروباری نێوخۆی هەرێمی کوردستان وەرنەدات و داوای لێ دەکەن، خاکی هەرێم چۆڵ بکات، چونکە ئومێدی کوردستانیان هەنگاونانە بەرەو سەربەخۆیی و دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان.
مامۆستا (موسا محەمەد) لە سۆران بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''ئەگەر (سەرۆك بارزانی) نەبوایە، شنگال ئازاد نەدەبوو، تاكە چارەسەر بۆ دووبارەنەبوونەوەی كارەساتی شنگال، گەڕانەوەی ئەو ناوچانەیە بۆ سەر هەرێمی كوردستان، بۆیە پێویستە ئەم جارە گەلی كوردستان هێزی خۆی یەک بخات و كار بۆ دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان بکات.''
مامۆستا (موسا محەمەد) گوتی: ''ئەو هێزەی (پەكەكە) لەگەڵ حەشدی شەعبی بۆ دروستكردنی فیتنە لە شنگال ماونەتەوە، چونکە ئێستا شنگال لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە دەپارێزرێت و ئەوان بەرپرسیارەتیی شارەكەیان لەسەر شانە و پێویست بەهیچ هێزێكی دیكە ناكات.''
چاودێرانی سیاسی وەک چەتەی نێودەوڵەتی ناوی (پەکەکە) دەبەن، کە هەمیشە ویستوویانە کێشە بۆ شنگال و گوندنشیانی ناوچەکانی دیکەی کوردستان بنێنەوە. لەو پێوەندییەدا (عەلی جاسم)، هاووڵاتییەکی نیشتەجێی سنووری سیدەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: ''(پەكەكە) نەك هەرلە شنگال كێشە بۆ خەڵكی ئەو ناوچانە دروست دەكات، بەڵكو لێرەش بەردەوام كێشە دروست دەكات، ئێمە خەڵكی سنووری شارەدێی سیدەكان، لەبەر (پەكەكە) چەندین ساڵە گوند و ئاوایییەكانی خۆمان بەجێ هێشتووە و ئاوارەی سۆران بووینە.''
(عەلی جاسم) ڕوونیشی كردەوە: ''ئەگەر لەبەر (پەكەكە) نەبێت، ئێمە بگەڕێینەوە سەر گوند و ئاوایییەكانی خۆمان هیچ كێشەمان نابێت و زۆر بە ئاسوودەیی، بە كاری كشتوكاڵ و ئاژەڵداری دەژین، بۆیە داوا لە حكوومەتی هەرێم دەكەین هەرچی زووە كار لەسەر وەدەرنانی (پەكەكە) لە هەرێمی كوردستان بكات، با ئێمە لەوە زیاتر نەبینە قوربانیی ستەمی ئەوان.''
( ڕەزا ستار)، گوندنشینێکی نیشتەجێی دەڤەری سۆرانە، کوێستان و گەرمیان دەکات، سەبارەت بە ڕێگریی (پەکەکە) لە پەیداکردنی بژێوی ئەو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: ''ئەو كارەی (پەكەكە) دەیكات، قبووڵكراو نییە و ناتوانین تاسەر لێیان قبووڵ بكەین؛ وەرزی بەهار كۆچ دەكەین بۆ كوێستانەكان، بۆ ئەوەی خۆمان بە خێو بكەین، بەڵام هەركاتێك دەچین (پەكەكە) باجمان لێ وەردەگیرێت و نایەڵێت لە ناوچەكانی خۆماندا بە كەیفی خۆمان هاتوچۆ بكەین و كاری خۆمان بكەین، ئەوەیش وای كردووە كە نەتوانین وەك پێویست سەردانی ناوچەكانی خۆمان بكەین و ئاژەڵداری و كشتوكاڵ بكەین.''
(جەمال مەجید)، هاووڵاتییەکی نیشتەجێی دەڤەری سۆرانە و دەڵێ: ''ئێمە لە یادی ڕاپەڕینداین و بۆ سەربەخۆیی هەنگاو دەنێین، کەچی (پەکەکە) بە دەستێکی دەرەکی هاتووە و دەیەوێ پشێوی لەنێو خاکی کوردستاندا بنێتەوە، بۆ ئەوەی ڕێ لە سەربەخۆیی بگرێت، بۆیە پێویستە هەموو کوردێک و هەموو کوردستانییەک دژی (پەکەکە) هەڵوێستی هەبێت و ئەو ڕەفتارانەی (پەکەکە) سەرکۆنە بکات.''
kdp-
