ئێمینکی: هیج هێزێك ناتوانێت ڕێ لە ئیرادە و خواستی ئازادیی خەڵكی كوردستان بگرێت

ئێمینکی: هیج هێزێك ناتوانێت ڕێ لە ئیرادە و خواستی ئازادیی خەڵكی كوردستان بگرێت
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵیادی ڕێککەوتننامەی ١١ی ئادار و ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی شاری هەولێردا پەیامێکی ڕاگەیاند، کە تێیدا هاتووە، هیج هێزێك ناتوانێت ڕێ لە ئیرادە و خواستی ئازادیی خەڵكی كوردستان بگرێت.

دەقی پەیامەکە

لە ساڵیادی ڕاگەیاندنی ''ڕێككەوتننامەی 11ی ئادار''دا، سڵاو و بیرۆزباییی خۆمان ئاراستەی گەلی كوردستان بەگشتی و خانەوادە و كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان و پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان بەتایبەتی دەكەین.

ڕێككەوتننامەی 11ی ئاداری 1970، بەرهەمی خەباتی گەلی كوردستان و خوێنی هەزاران شەهید و فیداكاریی پێشمەرگە دلێرەكانی میللەتەكەمان بوو. بەدەستهێنانی ئەم دەستكەوتە مێژوویییە، هەنگاوێكی سیاسیی بوێرانەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو، بە سەركردایەتیی (بارزانی نەمر). ئەو شۆڕشەی كە ڕژێمی ئەوسای بەغدای ناچار كرد، ملكەچی ئیرادەی گەلی كوردستان بێت و بۆ یەكەمجار ددان بە مافە ڕەواكانی؛ سیاسی و نەتەوەیی و ئیداری و كەلتووریی ئەم گەلەدا بنێت.

هاوكات، ئەمڕۆ یادی ''26'' ساڵەی ڕاپەڕینە جەماوەرییەكەی شاری هەولێری خۆشەویستە دەكەینەوە، كە لە ڕۆژی 11ی ئاداری 1991دا و شانبەشانی پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان و بە یەك ئاراستە و یەك دەنگ شارەكەیان لە دامودەزگا داپڵۆسێنەرەكانی ڕژێمی بەعس پاك كردەوە و ئەو ڕاستییەیان سەلماند كە هیج هێزێك ناتوانێت ڕێ لە ئیرادە و خواستی ئازادیی خەڵكی كوردستان بگرێت.

دوابەدوای ڕاپەرینیش و لە ساڵی 1992دا، جەماوەری كوردستان، لە ئاهەنگێكی دیموكراسیدا، بە ئاراستەی سندووقەكانی دەنگدان چوون بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەكانیان لە پەرلەمانی كوردستان، كە سیستەمی فیدڕاڵی لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا ڕاگەیاند، بە پشتبەستن بە دەستكەوتەكانی ئەم میللەتە و بنەماكانی ڕێككەوتننامەی 11ی ئادار.

ئەمڕۆش، عێراق و ناوچەكە بەگشتی گۆڕانكاریی سیاسیی گەورە بە خۆوەوە دەبینێت و جەنگی دژی تیرۆریستانی داعش بەرەو كۆتایی دەڕوات. ئەمەش وا پێویست دەكات میللەتەکەمان سوود لە هەموو وەرچەرخانەكان وەربگرێت و بە یەكڕیزی و یەك گوتاری و بە وشیارییەوە بەرەنگاری پیلانەكانی ناحەزان ببێتەوە و لە ئاست ئەو پێشهاتانەدا بێت و ئامانجەكانی شۆڕش و ڕاپەرینەكانی بكاتە هەوێنی كاركردن لەپێناو بەدیهێنانی هیوا و ئاواتەكەی لە دەوڵەتێكی سەربەخۆدا و دابینكرنی ژیانێكی شایستە و بەختەوەر.

بەرز و پیرۆز بێت ساڵیادی ڕێككەوتننامەی 11ی ئادار و ڕزگاركردنی شاری هەولێر، پایتەختی هەرێمی كوردستان و، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ڕێگای سەروەریی كوردستان دادەنەوێنین.
kdp-
Top