له سلێمانی ته‌قه له ماڵی رۆژنامه‌نووسێك ده‌كرێت
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سه‌نته‌ری میترۆ، كه وێنه‌یه‌كی ده‌ست كوردستان 24 كه‌وتووه، ئێواره‌ی رۆژی 10ی ئادار/ مارسی 2017، ژماره‌یه‌ك چه‌كداری نه‌ناسراو، ته‌قه‌یان له ماڵی رۆژنامه‌نووس (هێمن كه‌ریم سه‌باح) كردووه، له گه‌ڕه‌كی ئیبراهیم ئه‌حمه‌دی شاری سلێمانی.
وه‌ك له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سه‌نته‌ری میترۆدا هاتووه: "به گوێره‌ی قسه‌ی شایه‌تحاڵان، چه‌كداره‌كان ئۆتۆمبێلێكی BMWى سپییان پێبووه" و رووداوه‌كه‌ش كاتژمێر 8:45 خووله‌كی دوێنێ شه‌و بووه، هیچ زیانێكی گیانیش له رووداوه‌كه نه‌كه‌وتووه‌ته‌وه.
هێمن كه‌ریم، پێشتر سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری فشار بووه و ئێستاش سه‌رۆكی رێكخراوی فشاره، كه تایبه‌ته به پرسه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.
k24 -
