ناوەندی ڕافیدەین بۆ دیالۆگ: لەگەڵ بارزانی پرسی سەربەخۆیی کوردستانمان تاوتوێ کرد
پاش تەواوبوونی کۆبوونەوەکەی نێوان مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندێکی ناوەندی ڕافیدەین بۆ دیالۆگ، د. ئومێد سەباح، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا ئاماژەی بەوە کرد: ”کۆبوونەوەیەکی گرنگمان ئەنجام دا، سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە دەکرێ بە دیالۆگ نەخشەڕێگەیەک بۆ داهاتووی عێراق دیاری بکرێت. جەختیش لە سەر میکانیزمی کارکردن لەو نەخشەڕێگەیە کرایەوە“.
لەلایەن خۆیەوە تاریق محەمەد کەریم، گوتەبێژی ناوەندی ڕافیدەین بۆ گفتوگۆ، ڕایگەیاند: ”ئێمە ناوەندێکی هزریی سەربەخۆین و بەدوای دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ داهاتووی عێراق دەگەڕێین. شەرەفمەندبووین بەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووینەوە“.
هاوکات ئەندامانی شاندەکە ئەوەیان ئاشکرا کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان کردووە و ”بەشی زۆری ئەندامانی شاندەکەمان پرسیاریان ئاراستەی بارزانی کرد و وەڵامی پێویستیان وەرگرتەوە“. جەختیشیان لەوە کردەوە: ”بارزانی تەنها ئامانجی خزمەتکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق بووە. ئێمە ئەو بۆچوونانە دەگوازینەوە. لە کۆبوونەوەکەدا باسی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم کرا، باسمان لەوە کرد کە بە گفتوگۆ ئەو بابەتە یەکلا بکرێتەوە و خوێن ڕشتن ڕەت دەکەینەوە“.
باسنیوز
