کۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی و شاندی هاوپەیمانی شیعەکان دەستیپێکرد

 کۆبوونەوەی  سەرۆك بارزانی و شاندی هاوپەیمانی شیعەکان دەستیپێکرد
کۆبوونەوەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەکان کە ئەمڕۆ شەممە 11-3-2017 گەیشتنە هەولێر، لە پیرمام دەستیپێکرد و گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت:" سەرۆک و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەجیا لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتمانی کۆدەبنەوە".

ئومێد سەباح، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:"ئەو شاندە پێکهاتوون لە نوێنەرایەتی سەرجەم حیزبەکانی نێو هاوپەیمانی نیشتمانی و هەندێک لە حیزبەکانی دەرەوەی هاوپەیمانی نیشتمانی و سوننەکان، لە کەسایەتییە سیاسیی، میدیایی و راوێژکاران و ئەو کەسانەی کە بڕیار دروستدەکەن لەنێو هاوپەیمانی نیشتمانی و حکومەتی عێراقدا".

ئومێد سەباح گوتی:" گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکرێت چۆن لە رێگەی دیالۆگەوە سیاغەیەکی نوێ دابنرێت بۆ پەیوەندییەکانی کوردستان لەگەڵ عێراقدا".

گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد : "دانیشتنەکە دوو بەش دەبێت، بەشی یەکەمی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشدار دەبێت و لە بەشی دووەمدا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵیان کۆدەبێتەوە، مەبەست لەمەش ئەوەیە کە بڕیارەکان تەنها لای سەرکردەکان نەمێنێتەوە، بەڵکو شۆڕببێتەوە بۆ لای ئەو کەسانەشی کە بڕیار دروستدەکەن".



رووداو
Top