قوتابخانەیەكی توركی لە سلێمانی ڕۆژی بەرگی كوردی بەرز ڕادەگرێت

قوتابخانەیەكی توركی لە سلێمانی ڕۆژی بەرگی كوردی بەرز ڕادەگرێت
قوتابخانەیەكی توركی لە شاری سلێمانی، یادی ڕۆژی جلوبەرگی كوردەواری دەكاتەوە و سەرپەرشتیاری یادەكەش دەڵێت: "جلی كوردی مۆركی نەتەوەی كوردە، بۆیە ئێمە بە پێویستمان زانی بە شێویەكی جوان یادی جلی كوردی بكەینەوە."



بە بۆنەی ڕۆژی جلی كوردی و 8ی مارسەوە، قوتابخانەی سلێمانی نموونەیی كچان، كە قوتابخانەیەكی تایبەتە بە سیستەمی زمانی توركی، یادی جلی كوردی كردەوە، مامۆستایان و خوێندكارانی ئەو قوتابخانەیە بە پۆشینی جلوبەرگی ڕازاوەی كوردەواری یادی جلی ڕەسەنی نەتەوەی كوردیان كردەوە.



چۆڤین تاهیر، یەكێكە لە مامۆستایانی ئەو قوتابخانەیە و ئامادەكاری ڕێوڕەسمی ڕۆژی جلی كوردی، لە لێدوانێكدا بۆ (باسنیوز) گوتی: "هەرچەندە ئێمە قوتابخانەیەكی نموونەین و زمانی توركی زمانی سەرەكیی قوبتابخانەكەی ئێمەیە، بێگومان لە هەموو بۆنە و یادە نیشتمانییەكاندا بەشداریمان كردووە، بێگومان زمانی توركی نەبووەتە هۆكاری ئەوەی ئێمە نەتوانین یادی بۆنە نیشتمانییەكانی خۆمان بكەینەوە، خۆشبەختانە ئێمە هەموو ساڵێك بە چالاكیی جۆراو جۆر یادی جلی كوردی، ڕۆژی ئاڵا، نەورۆز، دەكەینەوە."



ئاماژەی بەوەش كرد: "ئێمە شانازی بە جلی كوردیی خۆمانەوە دەكەین، بۆیە ئارەزووی ئەوە دەكەین، ئێمەش وەكوو هەموو نەتەوەكانی دیكە بەردەوام جلی كوردی بپۆشین، هەروەها حەز دەكەین جلوبەرگی ڕەسەنی كوردەواری لەنێو دامودەزگا حكومییەكاندا بە فەرمی بكرێت، بۆ ئەوەی هەموان جلی كوردی بپۆشن."
bas news-
Top