كەمپینی ئێمەی كچان و ژنانی كوردستان ئیتر ناترسین ڕاگەیەندرا
لە ڕاگەیەندراوی كەمپینەكەدا كە وێنەیەكی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، هاتووە "ئێمەی كچان و ژنانی كوردستان، ئیتر ناترسین، چیتر لە خەمی بردن و بڵاوبوونەوەی وێنەكانمان نین، ئێمە بڕوای تەواومان بە خۆمان هەیە، ناترسین لەو هەڕەشانەی كە لە ڕێگای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە پێمان دەگات، چیتر ئێمە لە ترسی بردن و بڵاوبوونەوەی وێنەكانمان خۆمان ناشارینەوە".
لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوی كەمپینەكەدا ئاماژە بەوە دراوە "تۆی كچ و ژن، گەر لەگەڵ ئەم پەیامەدای وێنەیەكی خۆت بە پەبلیك لە فەیسبووكی خۆت دابنێ و ئەم نووسراو و هاشتاگەی لەگەڵ دابنێ".
ڕاگەیاندنی ئەم كەمپینە پاش ئەوە دێت كە كەسێك لە ئەكاونتێكی ساختەوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئینستاگرام بە لەنجە خاوێ ئەندامی گرووپی سۆفیا دەڵێ "حەز دەكەی سووكت بكەم؟" ناوبراویش لە وەڵامدا وێنەیەكی دیكەی خۆی بۆ دەنێرێت و پێی دەڵێ فەرموون ئەوەش وێنەیەكی تر ڕەنگە سوودی بۆتان هەبێت."
bas news-
