"بەم نزیکانە گۆڕانکاری لە پۆستەکانی حکوومەتی خۆجێی دهۆک دەکرێ"
(ھوشیار فەریق)، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، " لەچوارچێوەی پڕۆسەی چاکسازی (سەرۆک بارزانی) و گۆڕانکارییەکانی نێو پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیارە گۆڕانکاری لە پۆستەکانی ئیدارەی پارێزگای دھۆکدا بکرێت، گۆڕانکاریەکە کاتی دیاری نەکراوە، بەڵام لە داھاتوویەکی نزیکدا دەستپێدەکات و ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتیی و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە و بەڕێوەبەرەکانی دیکەی ئیدارەی خۆجێی پارێزگای دھۆک دەگرێتەوە، چونکە گۆڕانکاریەکە دەمێکە کاری بۆ دەکرێت ئەمەش کارێکی ئاساییە بۆ دانانی کەسانی شیاو و گۆڕینی ئەو بەرپرسانەی ماوەیەکی زۆرە لە کارەکانیاندا ماندوبوونە یانیش وەک پێویست کاریان نەکردووە."
دەشڵێ، لە کۆبوونەوەی رابردووی ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆک بڕیاردراوە بە پڕکردنەوەی پۆستی جێگری یەکەمی پارێزگاری دھۆک کە بەگوێرەی رێکەوتنی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان پۆستی جێگری یەکەمی پارێزگار بۆ پارتی و پۆستی دووەمی جێگری پارێزگار بۆ یەکگرتووی ئیسلامی دەبێ، بڕیارە پارتی لەماوەی پازدە رۆژدا کەسێک بۆ ئەو پۆستە کاندید بکات.
kdp-
