"پەكەكە دەستی لەگەڵ كەسانێك تێكەڵ كردووە كە قووتی خەڵكی هەرێمی كوردستانیان بڕیوە"
(موسلیح ڕەجەب)، ئەندامی سەركردایەتیی حزبی سوسیالیست دیموكراتی كوردستان و، سەرپەرشتیاری هەردوو مەڵبەندی بادینان و مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ بووەتە پەناگەیەك بۆ خەڵكی هەرسێ پارچەكەی دیكە، بۆیە جێگەی قبووڵ نییە، لایەنێكی كورد لە پارچەیەكی دیكەوە هاتووە و لەگەڵ نەیارانی كورد و ئەو كەسانەی قووتی خەڵكی هەرێمی كوردستانیان بڕیوە، دەستی تێكەڵ كردووە و دژی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان وەستاوەتەوە، بۆیە ڕووی دەم لە (پەكەكە) دەكەین، هەرچی زووە شنگال و ناوچەكانی دیكە بەجێ بێڵێت و بگەڕێتەوە باكووری كوردستان و لەوێ خەبات بكات، نەك لە باشووری كوردستان بێت و كێشە بۆ خەڵكی ئەو ناوچانە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دروست بكات.''
گوتیشی: ''بە فەرمانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، هێزی پێشمەرگە چووە كۆبانێ، پاش ڕزگاركردنی ئەو شارە و جێبەجێكردنی ئەركەكەیان گەڕانەوە هەرێمی كوردستان، پێویستە (پەكەكە)ش چاو لە هێزی پێشمەرگە بكات و شنگال چۆڵ بكات، بۆ ئەوەی خەڵكەكەی بگەڕێنەوە و شارەكە ئاوەدان بێتەوە و جارێكی دیكە ئەمن و ئاسایش لە ناوچەكە بەرقرار بێت و خەڵكەكەی هەست بە ئاسوودەی بكەن.''
kdp-
