حەشدی شەعبی: دەبێت پێشمەرگە بۆ سنوورەکانی پێش ساڵی 2014 بکشێتەوە

حەشدی شەعبی: دەبێت پێشمەرگە بۆ سنوورەکانی پێش ساڵی 2014 بکشێتەوە


گوتەبێژی فەرمیی حەشدی شەعبی ڕای گەیاند، دەبێت پێشمەرگە بۆ ئەو شوێنانە بکشێتەوە کە ساڵی 2014 و پێش هاتنی داعش تێیدا بووە و ڕەتیشی کردەوە ڕێگە بە دەستکاریکردنی سنووری ئیداریی پارێزگای نەینەوا بدەن.



ئەمڕۆ پێنجشەممە 9\3\2017، کەریم نوروی، گوتەبێژی فەرمیی حەشدی شەعبی، لە پەراوێزی پێنجەمین دیداری سلێمانی، تایبەت بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”کورد کەسانێکی باشن و لە سەردەمی سەدام حوسێنەوە تائێستا لەیەک سەنگەر شەڕ دەکەین و هاوبەشین. هەر ناکۆکییەک لە نێوان ئێمە و پێشمەرگە هەبێت، فەرماندەی باڵای وەک هادی عامری و ئەبومەهدی موهەندیسمان هەیە، پێکدادان لەنێوانمان ڕوو نادات و ڕێز لە هەرێمی کوردستان و سیستەمی فیدرالی دەگرین. بەڵێ لە هەندێک ناوچەدا ناکۆکی هەیە، بەڵام ئەو ناکۆکییە ناچێتە ئاستێکی دیکە و لە بەرنامەماندا نییە ڕووبەڕووی کورد ببینەوە“.



ئەو بەرپرسەی حەشدی شەعبی بە شێوەیەکی توند بەرامبەر بە هێزەکانی پێشمەرگە هاتە دەنگ و ڕای گەیاند: ”ڕێگە بە کورد نادەین کە دەست بەسەر هیچ خاکێکدا بگرن بەو بیانووەی داعش لێی کشاوەتەوە. لە شنگال و مووسڵ ڕێگە بەوە نادەین. ئەو ناکۆکییە بە مانای ناکۆکیی چەکداری نایەت. ڕەنگە کورد دڵنیابن لەوەی کە حەشدی شەعبی هیچ نیازی شەڕکردنی لە دژیان نییە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین دەست بەسەر هیچ خاکێکدا بگرن لە مووسڵ و دەبێت بۆ سنوورەکانی پێش 2014ی پێش هاتنی داعش بگەڕێینەوە. هەروەها پێکهاتەی ئیداریی مووسڵ دەبێت وەک خۆی بمێنێتەوە. برایانی کوردیشمان لەوە تێدەگەن“.

باسیشی لەوە کرد کە ئەو ناوچانەی ئێستا پێشمەرگەی تێدایە، بە ڕێککەوتن بووە لەگەڵ حکوومەتی عێراق، گوتیشی: ”پێشتر لە سەعدیە، جەلەولا، خورماتوو، سلێمان بەگ، بەشیر و ئامرلی و ئێستاش لە شنگال لەگەڵ پێشمەرگە پێکەوەین، بەڵام ڕێگە بەوە نادەین کە دوای ئازادکردنی ناوچەکان لەدەست داعش، لەلایەن پێشمەرگەوە دەستیان بەسەردا بگرێت“.



گوتەبێژەکەی حەشدی شەعبی داوای ئەوەی کرد کە بۆ ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراق بگەڕێنەوە و دەڵێت: ”ناوچەکانی مووسڵ ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە، بەڵام دوای نەمانی داعش، دەبێ پێشمەرگەش لەو ناوچانە بچنە دەرەوە کە بۆی چووبوون“.



لەمبارەیەوە ھەڵگورد حیکمەت، بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری و ھۆشیاریی نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بە شایەتیی ھەموو دونیا، پێشمەرگەی کوردستان ھەموو ئەو جێگایانەی ئازاد کردووە کە سوپای عێراق نەیتوانیوە خۆی لەبەردەم تیرۆرستاندا ڕابگرێت، لەسەرەتای ھاتنی داعشەوە تا 17\10\2016، بەپێی ڕێککەوتنی سەرۆک بارزانی و سەرۆک وەزیرانی عێراق، ھەموو ئەو جێگایانە لەژێر چەتری پاراستنی کوردستاندا دەمێننەوە، لە ڕێککەوتی 17\10\2016 بەدواوە، لەگەڵ دەستپێکی ئازادکردنەوەی دەشتی نەینەوا و مووسڵ، هەر جێگەیەکی نوێ کۆنتڕۆڵ بکرێتەوە، ڕێککەوتنی واھەیە لەنێوان ھەردوو سەرکردایەتی کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراقە، گفتوگۆ لەبارەی ئەو ناوچانە بکرێت".

bas news-
Top