سەرکردەیەکی یەکێتی: پەکەکە هەڕەشە لەسەر هەرێمی کوردستان دروست دەکات
سەرکردەیەکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە کوردستان باشوور، دەبێتە مایەی هەڕەشە لەسەر هەرێمی کوردستان.
دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی و وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی دیداری سلێمانیدا، بە کەناڵی (کوردستان 24)ی راگەیاندووە، چالاکیی چەکدارانی پەکەکە لە کوردستانی باشوور ”پێویست نییە“ و پێویستە بۆ کشانەوەیان، گفتوگۆیان لەگەڵ بکرێت.
دەرباز کۆسرەت رەسوڵ هەروەها رایگەیاندووە، بوونی پەکەکە لە ناوچەکانی دیکە جگە لە قەندیل، کە ”بووەتە ئەمریک واقیع“، ئەگەری هەڕەشە بۆ سەر هەرێمی کوردستان دروست دەکات و دەبێتە مایەی مەترسی.
ئەو سەرکردەیەی یەکێتی پێیوایە پێویستە گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردایەتیی پەکەکە بکرێت بۆ دوورخستنەوەی مەترسیی و هەڕەشەکان لەسەر هەرێمی کوردستان تاوەکو ”شێوازی چالاکییەکانیان“ یاخود بە ”پاشەکشە“کردن مەترسییەکان دوور بخرێنەوە.
دەرباز کۆسرەت رەسوڵ بە پێویستی دەزانێ هەموو لایەنەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان ”رەچاوی دەستکەوت و هەستیارییەکانی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان“ بکەن و ”پەکەکەش لە ھەڕەشە و مەترسییەکانی سەر ھەرێمی کوردستان تێبگات“.
bas news-
