"پەكەكە دەستی لەگەڵ كەسانێك تێكەڵ كردووە كە قووتی خەڵكی هەرێمی كوردستانیان بڕیوە"

ئەندامێكی سەركردایەتیی حزبی سوسیالیست دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، (پەكەكە) دەستی لەگەڵ كەسانێك تێكەڵ كردووە، كە قووتی خەڵكی هەرێمی كوردستانیان بڕیوە. نەدەبوو (پەكەكە) ئەوەی كردبایە، لەگەڵ ئەوەیش پێویستە هەرچی زووە شنگال و ناوچەكانی دیكە بەجێ بێڵێت و بگەڕێتەوە باكووری كوردستان و لەوێ خەبات بكات، نەك لە باشووری كوردستان بێت و كێشە بۆ خەڵكی ئەو ناوچانە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دروست بكات.

(موسلیح ڕەجەب)، ئەندامی سەركردایەتیی حزبی سوسیالیست دیموكراتی كوردستان و، سەرپەرشتیاری هەردوو مەڵبەندی بادینان و مووسڵ، گوتی: ''هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ بووەتە پەناگەیەك بۆ خەڵكی هەرسێ پارچەكەی دیكە، بۆیە جێگەی قبووڵ نییە، لایەنێكی كورد لە پارچەیەكی دیكەوە هاتووە و لەگەڵ نەیارانی كورد و ئەو كەسانەی قووتی خەڵكی هەرێمی كوردستانیان بڕیوە، دەستی تێكەڵ كردووە و دژی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان وەستاوەتەوە، بۆیە ڕووی دەم لە (پەكەكە) دەكەین، هەرچی زووە شنگال و ناوچەكانی دیكە بەجێ بێڵێت و بگەڕێتەوە باكووری كوردستان و لەوێ خەبات بكات، نەك لە باشووری كوردستان بێت و كێشە بۆ خەڵكی ئەو ناوچانە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دروست بكات.''

گوتیشی: ''بە فەرمانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، هێزی پێشمەرگە چووە كۆبانێ، پاش ڕزگاركردنی ئەو شارە و جێبەجێكردنی ئەركەكەیان گەڕانەوە هەرێمی كوردستان، پێویستە (پەكەكە)ش چاو لە هێزی پێشمەرگە بكات و شنگال چۆڵ بكات، بۆ ئەوەی خەڵكەكەی بگەڕێنەوە و شارەكە ئاوەدان بێتەوە و جارێكی دیكە ئەمن و ئاسایش لە ناوچەكە بەرقرار بێت و خەڵكەكەی هەست بە ئاسوودەی بكەن.''













KDP
Top