گوتەبێژی فەرمیی حەشدی شەعبی: ڕێگە بە دەرکردنی پەکەکە لە شنگال نادەین

 گوتەبێژی فەرمیی حەشدی شەعبی: ڕێگە بە دەرکردنی پەکەکە لە شنگال نادەین
گوتەبێژی فەرمیی حەشدی شەعبی ڕای گەیاند، ڕێگە بە دەرکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شنگال و ناوچەکانی دیکەی عێراق نادەن و ئەوەی ئاشکرا کرد کە هێزەکە بۆ دژایەتیکردنی تورکیا لە شنگال جێگیر کراون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 9\3\2017، کەریم نووری، گوتەبێژی فەرمیی حەشدی شەعبی، لە پەراوێزی دیداری سلێمانیدا ڕایگەیاند، هەندێک فەوج لە شنگال هەن کە بەشێکن لە حەشدی شەعبی و ئەو بە کەسانی ئێزدی وەسفی کردن. باسیشی لەوە کرد کە فەوجەکانیان لە شنگال پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ پەکەکەدا هەیە.

ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”بوونی پەکەکە لە شنگال لە دژی تورکیایە و پێش ڕووخانی ڕژێمی بەعسیش بوونیان هەبوو. ئێمە نامانەوێ لەگەڵ پەکەکە یان پێشمەرگە ڕووبەڕوو ببینەوە. بەغدا پەیوەندی بە بوونی پەکەکەدا نییە، چونکە هەر شەڕێک لەم جۆرە بکەین، خزمەت بە داعش دەکات“.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتەبێژی فەرمیی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند: ”دەستووری عێراق بوونی هەر هێزێکی بیانی کە هەڕەشە بکاتە سەر وڵاتانی دراوسێ، ڕەت دەکاتەوە، وەک چۆن موجاهیدینی خەڵقمان دەرکرد کە هەڕەشە بوون بۆ سەر ئێران. نامانەوێ زیان بە هیچ وڵاتێکی دراوسێ بگەیەنین، چونکە دەستوور لەوە ڕێگرە“. گوتیشی: ”ئێمە دژی بوونی پەکەکە نین لە شنگال، بەڵام ڕێگە نادەین کە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ دروست بکەن. هاوکات نامانەوێ بکەوینە ململانێ لەگەڵیان، بەڵکوو دەمانەوێت کێشەکە چارەسەر بکرێت“.

لە کۆتایی قسەکانیدا کەریم نووری ئەوەی دووپات کردەوە: ”ئێمە وەک حەشدی شەعبی ڕێگە نادەین پەکەکە لە عێراق و شنگال دەربکرێن، دەبێت حکوومەتی تورکیا چارەسەرێکیان بۆ بدۆزێتەوە، هاوکات ڕێگەشیان پێ نادەین کە زیان بە تورکیای دراوسێمان بگەیەنن“.











باسنیوز
Top