شێخ شامۆ: پەکەکە لە داعش زیاتر کارەساتی بەسەر خەڵکی شنگال هێناوە

شێخ شامۆ: پەکەکە لە داعش زیاتر کارەساتی بەسەر خەڵکی شنگال هێناوە
نوێنەری كوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی كوردستان، (شێخ شامۆ) ڕایگەیاند، (پەكەكە) لە سووریاوە خەڵكی عەرەب دێنێتە سنووری شنگال، بۆیە نایەڵێت شنگال و ناوچەكانی دیكە بگەڕێنەوە سەر هەرێم و، ئەوەی (پەكەكە) بەسەر خەڵكی شنگالی هێناوە، داعش نەیكردووە.

(شێخ شامۆ)، نوێنەری كوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''(پەكەكە) بەردەوام خەڵكی عەرەب لە سووریاوە دێنێتە خانەسۆر و ناوچەكانی دیكە و، هەموو ئەو عەرەبانەی زۆرداریشیان لە خەڵكی شنگال كردووە، گەیشتوونەتە لای (پەكەكە) و لەناو ڕیزەكانی ئەواندا کار دەکەن، هەر لەبەر ئەوەیە، کە (پەكەكە) دژی گەڕانەوەی شنگالە بۆ سەر هەرێمی كوردستان.''

(شێخ شامۆ) گوتی: ''(پەكەكە) بەردەوام كار لەسەر ڕفاندنی منداڵانی ئێزدی دەكات، بۆیە خەڵكەكە ناوێرن بگەڕێنەوە، هەرمنداڵێك تەمەنی بگاتە سەرووی 13 ساڵ و بكەوێتە بەردەستی (پەكەكە) دەیڕفێنن، داعشیش هەر ئەوەی بەسەر خەڵكی ناوچەكە هێناوە، بگرە ئەوان لە داعش خراپتریش لەگەڵ خەڵكی ئێمە ڕەفتار دەكەن، چونكە ئەوكەسانەی داعش بردوونی هیوایەک بۆ گەڕانەوەیان هەیە، بەڵام ئەوەی (پەكەكە) دەیبات، ئیدی نایەڵن بگەڕێنەوە و لە شنگال و لە خزم و كەسەکانیان دوور دەخەنەوە.''
kdp-
Top