دادگایەکی تایبەت بە تاوانەکانی داعش لە دھۆک دامەزراوە؛ چەندین سکاڵا تۆمار کراون

دادگایەکی تایبەت بە تاوانەکانی داعش لە دھۆک دامەزراوە؛ چەندین سکاڵا تۆمار کراون
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پارێزگای دھۆک دادگایەکی تایبەتی دامەزراندووە بۆ ئەو سکاڵایانەی لەسەر داعش تۆمار دەکرێن و، پارێزەرێکی خۆبەخشیش دەڵێ، تا ئێستا چەندین سکاڵا لەو دادگایەدا تۆمار کراون و دەیان بەڵگە و دیکۆمێنت لەسەر ئەو تاوانانەی داعش ئامادە کراون.

(ئەیاد کاکەیی)، سەرۆکی لقی ھەولێری سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمە، ژمارەیەک کەسی خۆبەخش، دەستمان بە کۆکردنەوەی بەڵگە و دیکۆمێنت لەسەر تاوانەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعش کردووە و، تا ئێستا چەندین بەڵگەمان لەسەر ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە پێکھاتەکانی دەوروبەری مووسڵ کراون، کۆکردووتەوە و، ھەموو ئەو بەڵگە و دیکۆمێنتانە دەخەینە بەردەم دادگا و لایەنە نێودەڵەتییەکان، بۆ ئەوەی کەیسی تاوانەکانی داعش بەرامبەر بە خەڵکی سڤیلی ناوچەکە بە جینۆساید بناسێندرێت و جیھان لە دڕندەیی ئەو تاوانانە ئاگادار بێت.''

(ئەیاد کاکەیی) گوتیشی: ''لە پارێزگای دھۆک، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دادگایەکی تایبەت بە کەیسەکانی تاوانەکانی تیرۆریستانی داعشی دامەزراندووە، تا ئێستا لەو دادگایەدا چەندین سکاڵا دژی داعش تۆمارکراون و، ھەموو ئەو کەسانەی شایەتحاڵ بوونە، یان زەرەرمەندی تاوانەکانی داعش بوونە، سکاڵایان تۆمار کردووە. ئێمە بەبێ جیاوازی بەرگریی لە ھاووڵاتییانی ھەموو پێکھاتەکان دەکەین، چونکە داعش ھیچ جیاوازییەکی لەنێوان ھاوڵاتییانی ئێزدی و شەبەک و مەسیحی و تورکمان و موسڵماندا نەکردووە.''
kdp-
Top