پارتی سۆسیالیستی كوردستان (باكوور) داوایان لە سەرۆک بارزانی کرد بۆ یەکخستنی ناوماڵی کورد لە تورکیا پشتیوانیان بێت
ڕۆژی چوارشەممە 8ـی 3ـی 2017 لە سەلاحەدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (مەسعوود تەك) سكرتێری گشتیی پارتی سوسیالیستی كوردستان (باكوور) و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتیی ئەو پارتە.
لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسی و ئابووریی توركیا و هەروەها دۆزی كورد لە وڵاتی توركیا خرایە بەر باس و گفتوگۆ و ڕۆشناییش خرایە سەر ئەو كۆسپ و تەحەدییاتەی لە باكوور لەبەردەم خەباتی سیاسیی كوردا هەیە.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا جەخت لە یەكوتاریی لایەنە نیشتیمانپەروەرەكانی كورد لە توركیا كرایەوە لە بەرانبەر پێشهاتە سیاسییەكان و بە پێویستیش زانرا كە دیالۆگ و خەباتی ئاشتیانە نەخشەڕێگەی كاری سیاسیی كورد بێت لە توركیا.
لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا شاندی میوان باسیان لە كار و چالاكیی پارتەكەیان كرد و هەڵوێستی خۆیان لەبارەی ڕیفراندۆم لەسەر دەستووری توركیا خستەڕوو و داوایشیان لە (سەرۆك بارزانی) كرد بۆ یەكخستنی ناوماڵی كورد لە توركیا پشتیوانیان بێت.
لەم دیدارەدا (سەرۆك بارزانی) لە وتەیەكدا بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و عێراق و ئاییندەی كورد لە سووریا و هەروەها هاوكێشە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەكانی شی كردەوە و ئامۆژگاریی پێویستی لەبارەی دۆزی كورد لە توركیا بۆ شاندی میوان خستەڕوو.
kdp-
