زیندانی بادۆش کۆنتڕۆڵ کرایەوە
(موقەدەم نایف باقی)، فەرماندەی پێشمەرگە لە میحوەری بادۆش، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دوو ڕۆژە ھێزەکانی عێراق لە باکووری ڕۆژئاوای شاری مووسڵ پێشڕەوییان کردووە و زانیارییەکان باس لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی زیندانی بادۆش دەکەن. بە گرتنەوەی بادۆش، داعش لەو دەڤەرە نامێنێت، چونکە بادۆش بۆ تیرۆریستانی داعش ناوچەیەکی ستراتیژیی سەربازییە. ھێزە عێراقییەکان توانیویانە لە ھەموو بەرەکاندا پێشڕەوی بکەن، بەڵام بەھۆی ئەوەی پێگەیەکی بەھێزی داعشە، تا ئێستاش بەری چەپی مووسڵ، لە نیزیک بادۆش، بەتەواوی ڕزگار نەکراوە، ئەوەش ھۆکارەکەی دیارە، داعش ھێزێکی زۆری لەو ناوچەیە کۆ کردووتەوە و بەرگری لە خۆی دەکات.''
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە دەڵێ: ''بادۆش بەھۆی زیندانەکەیەوە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسەوە تا ئێستا جێی تەماحی ھەموو ھێزەکان بووە و، لە سەردەمی ڕێکخراوی تیرۆریستیی قاعیدەدا سەدان تیرۆریست لە بادۆش زیندانی کرابوون، چەکدارانی داعش پاش هێرشكردنە سەر مووسڵ ھەموو ھێزیان بەکارھێنا بۆ گرتنی زیندانی بادۆش و بەو ھۆیەوە ژمارەیەکی یەکجار زۆر تیرۆریست بەڕەڵلا کران و چوونە نێو ڕیزەکانی داعشەوە. لە سەردەمی فەرمانڕەوایی داعشدا، دیسان زیندانی بادۆشیان بۆ لەنێو بردنی خەڵک بەکار دەھێنا و بادۆش بۆ داعش خاڵێکی سەربازیی گرینگ بوو، کە ئەمڕۆ لە دەستیان دا.''
kdp-
