فوئاد حسێن: عێراق لەپرۆسەی بەسەربازیکردنی کۆمەڵگاو سیاسەتدایە
لەچوارەمین پانێڵی رۆژی یەکەمی دیداری سلێمانی لەزانکۆی ئەمەریکی، فوئاد حسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم وتەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراقەوە پێشکەش کرد.
فوئاد حسێن لەسەرەتای وتەکانیدا لەو پرسیارەوە دەستی پێ کرد کە "ئایا عێراقی ئێستا دەوڵەتە؟ یاخود لەساتی پرۆسەی دامەزراندنی دەوڵەتە؟"
دواتر ئاماژەی بەوەدا کە ئێستا عێراق دەوڵەتی پێکهاتەیە نەک دەوڵەتی هاوڵاتی، وتیشی کە پێویستە ئەوە تێبپەڕێندرێت " ئایا دەتوانن دەوڵەتی پێکهاتەکان تێبپەڕێنین؟ کێ دەتوانێت ئەوە بکات؟ پێویستمان بەئابوری ئازاد و کۆمڵگایەکی کراوەو فرەیی و مافی مرۆڤ ومافی ژنان هەیە."
هەروەها سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەپرۆسەی بەسەربازییکردنی کۆمەڵگای عێراقی کردو پێی وابوو کە ئێستا ئەو پرۆسەیە لەعێراقدا بەڕێوەدەچێت و سەرەڕای ئەوەش سیاسەتی عێراقیش بەسەربازیی دەکرێت.
وتیشی "گەر بەهۆی شەڕی داعشەوە لەئێستا ئەوە پێویست بێت، ئایا لەدوای داعش چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو کۆمەڵگا سەربازییەدا بکەین."
دیداری سلێمانی ئەمڕۆ بەبەشداری دەیان سەرکردەو سیاسەتمەدانی ناوخۆ و دەرەوەی عێراقی دەستی بەکارەکانی کرد و بڕیارە بۆ سبەینێش کارەکانی بەردەوام بێت.
xandan -
