جه‌بار یاوه‌ر: پێشمه‌رگه بۆ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دوای موسڵ ئاماده‌یه
ئه‌و وتانه‌ی جه‌بار یاوه‌ر له‌میانه‌ی پانێڵی دووەمی پێنجه‌مین دیداری سلێمانیدا هات كه تایبه‌ته به ئۆپەراسیۆنی موسڵ و لەلایەن مایکڵ نایتس و لافێر فیلۆو لەپەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست به‌ڕێوه‌ده‌برێت، بەبەشداری عەبدولئەمیر یاروڵا فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی عیراق، جەبار یاوەر وتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگە، کەریم نوری وتەبێژی حەشدی شەعبی هەروەها حەیدەر شەشۆ فەرماندەی هێزی پاراستی ئێزیدخان.
جه‌بار یاوه‌ر رایگه‌یاند، هێزه عیراقییه‌كان نزیكه‌ی 10 گه‌ڕه‌كیان له به‌شی خۆرئاوای موسڵ كۆنترۆڵكردووه‌ته‌وه‌و گه‌یشتونه‌ته ناوه‌ڕاستی شاره‌كه‌و نزیكبوونه‌ته‌وه له گرتنه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی موسڵ.
باسی له‌وه‌شكرد، كه جگه له‌و به‌شه‌ی موسڵ كه هێشتا به‌ده‌ست داعشه‌وه‌یه، چه‌ند شوێنێكی دیكه ماون وه‌كو ریازو عه‌باسیه‌و حه‌ویجه‌و ره‌شادو به‌شێك له قه‌زای شنگال كه پێویستیان به چه‌ند ئۆپه‌راسیۆنێكی دیكه هه‌یه بۆ رزگاركردنیان.
یاوه‌ر هه‌روه‌ها ئاماده‌یی پێشمه‌رگه‌ی نیشاندا بۆ به‌شداریكردن له‌هه‌ر ئۆپه‌راسیۆنێك له‌دوای شه‌ڕی موسڵ بۆ ته‌واوكردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دیكه‌ی دژی داعش.
وتیشی كه وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و هێزه عیراقییه‌كان و هاوپه‌یمانان هه‌ماهه‌نگی باشیان هه‌بووه له‌شه‌ڕی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ و پێكه‌وه پلانی كۆتاییان داناوه.
xandan -
