"بە هاتنی داعش توندوتیژی بەرامبەر ژنان زیاد بووە"

چالاكوانێكی بواری مافەکانی ژنان ڕای دەگەیەنێت، لەگەل هاتنی داعش و دروستبوونی ئەو قەیرانەی ئێستای هەرێمی كوردستان، ڕێژەی توندوتیژی بەرانبەر ژنان زیادی كردووە.

پەرێز عومەر، چالاكوانی بواری ژنان و بەرپرسی لقی هەولێری یەكێتی ژنانی كوردستان ڕایگەیاند: "هاتنی داعش گۆڕانكاریی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و ڕێژەی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنانی زیاتر كردووە، هەروەها ئەو گۆڕانكارییە سیاسی و ئابوورییەی بەسەر هەرێمی كوردستاندا هات، ئەوەش كاریگەریی لەسەر ڕەوشی ژنان هەبووە، بەڵام دەتوانین بڵێین لە پارچەكانی دیكەی كوردستان و بەتایبەت بەشی ڕۆژئاوا ڕەوشی ژنان باشە، بەڵام لە كوردستانی باكوور ڕەوشی ژنان و بەتایبەت چالاكانی سیاسی باش نییە، چونكە بەشێكی زۆر لە چالاكوانانی سیاسیی لە زیندانەكان دان".

ئەو چالاكەی بواری ئافرەتان پێی وایە، "بە بەراورد بە ساڵانی پێش هاتنی داعش و دروستبوونی ئەو دۆخەی ئێستای هەرێمی كوردستان، كار و چالاكییەكان بۆ ئافرەتان چڕتر كراوەنەتەوە، بەڵام ڕێژەی توندوتیژییەكان زیاتر بوون، هەروەها لەڕووی سیاسییەوە جیاوازی نەرێنی هەیە ئەمەش ڕەشبینی نییە، بەڵكوو راستییەكی بینراوە، لەڕووی داریشەوە ژنان بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی كە دروست بووە، پاشەكشەیان كردووە، هەروەها مەرج نییە تەنیا لە ڕۆژی جیهانیی ژناندا كار و چالاكیی تایبەت بە ئافرەتان بكرێت."








باسنیوز
Top