شێخ جەعفەر: پێشمەرگەی ڕۆژ هێزێکی کوردستانییە و مافی خۆیەتی شنگال بپارێزێت
جەعفەر شێخ مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، لە پەراوێزی پێنجەمین دیداری سلێمانیدا ڕایگەیاند: ”بەھەموو شێوەیەک ڕێگری لە شەڕی براکوژی دەکەین و ئەو شەڕەی لەماوەی ڕابردوودا لەنێوان ھێزی پێشمەرگەی ڕۆژ و چەکدارانی پەکەکە ڕووی دا، کارێکی نەشیاو بوو، بێگومان ئێمە بە ھەموو شێوەیەک ڕێگری لە دووبارە بوونەوەی شەڕێکی لەو شێوەیە دەکەین“.
جەختیشی لەوە کردەوە، سەکردایەتیی سیاسیی کورد لە ڕێگەی پەرلەمانی کوردستانەوە ڕێگری لەشەڕی براکوژی کردووە و ئەو شەڕەش بە ھێڵی سوور دەزانێت، بۆیە ”بێگومان ھیچ شەڕێکی دیکە لە شنگال ڕووناداتەوە، ئەوشەڕەشی ڕوویداوە بەھەموو ھێزو لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان ھەوڵی ھێورکردنەوەی ئەو شەڕەمان داوە“.
شێخ جەعفەر جەختی لەوە کردەوە کە شنگال ناوچەیەکی کوردستانییە و ”ھیچ کەسێک بۆی نییە بڵێت، نابێت شنگال بگەڕێتەوە سەر ھەرێمی کوردستان، چونکە شنگال مێژوو و جوگرافیای خۆی ھەیە کە دەیسەلمێنێت ناوچەیەکە سەر بە ھەرێمی کوردستانە“.
لە بارەی هێزی پێشمەرگەی ڕۆژ، ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد: ”ھێزی پێشمەرگەی ڕۆژ، ھێزێکی کوردستانییە و مافی خۆیەتی شنگال و ناوچە کوردیەکانی دیکە بپارێزێت“.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر فەرماندەی پەکەکە لە شنگال، لە کەناڵی (ئافاق)ی سەر بە نووری مالیکی ڕای گەیاندووە، ئەوان بەشێکن لە حەشدی شەعبی و نایانەوێت شنگال بۆ سەر هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە و دەوڵەتی کوردستان دروست ببێت.
باسنیوز
