سەرۆکی شاندێکی ئەمریکی: واشنتۆن بۆ مافی چارەی خۆنووسین هاوکاریی کوردستان دەکات
دكتۆر مایكل نایتس، سەرۆكی شاندی پەیمانگای واشنتۆن بۆ کاروباری سەربازی و ئەمنیی عێراق و ئێران و وڵاتانی کەنداو، لە میانی گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ کەناڵی (کوردستان 24) و لە پەراوێزی پێنجەمین دیداری سلێمانی، ئاماژەی بەوە کرد: “کوردەکان بە ڕوونی ئەو مافەیان هەیە کە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن. پرسیار ئەوەیە کە چۆن دەتانەوێت سەربەخۆ بن؟ واشنتۆن دەیەوێت لەوە دڵنیابێت کە ئایا کوردستان ئەگەر سەربەخۆ بێت، دەتوانێت سەربەخۆ بێت؟ یان چواردەوری بە نەیارانی گیرابێت؟ بیرۆکەی ڕیفراندۆم شتێکی باشە و لەو ڕێگەیەوە دڵنیا دەبینەوە کە کوردەکان دەیانەوێت سەربەخۆ بن، واشنتۆنیش هاوکار دەبێت و لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی هەرێمیش گفتوگۆ دەکات”.
لەبارەی بەراوردکردنی دۆزی گەلی کورد بە دۆزی ئیسرائیل، ئەوەی نەشاردەوە کە هەموو لایەک دڵنیان، خەڵکی هەرێمی کوردستان ”زۆر هاوڕێی ئەمریکا و ڕۆژئاوان، بەڵام جیاوازی لە کەیسی کوردستان و ئیسرائیل هەیە، دوژمنەکانیشیان جیاوازە. ئێستا ئەوان بەهێزترن. پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا تاڕادەیەک تایبەتە، لە ئەمریکا هەزاران جوو هەن کە لە حکوومەت و دامەزراوەکانی حکوومەتی ئەمریکادا کار دەکەن، لۆبی نێوان هەردوولا زۆر بەهێزە. بە دڵنیاییەوە کوردستان باشترین هاوپەیمانی ئێمەیە لە عێراق و تەواوی هەرێمەکە، بەڵام پەیوەندییەکان هەندێک جیاوازییان هەیە. تائەوکاتەی بزانین کە کوردەکان یەکگرتوون، یەکێتی و پارتی یەکگرتوون، ئەمە پشتیوانییەکی باشترە بۆ پرسی سەربەخۆیی“.
دڵخۆشیی ئەمریکاشی بە پێشکەوتنی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتیی کوردستان دەربڕی و هیوای خواست لە داهاتوودا بتوانن ڕێککەوتنێکی نوێ لە نێوان خۆیاندا واژوو بکەن. سوپاسی سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیشی بەرامبەر بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش کرد.
باسنيوز
