شێخ جەعفەر: ئەوەی پەکەکە لە شنگال دەیکات سەرەڕۆییە و قەبوڵ ناکرێت و پێویستە و دەبێ پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بکێشێتەوە”

 شێخ جەعفەر: ئەوەی پەکەکە لە شنگال دەیکات سەرەڕۆییە و قەبوڵ ناکرێت و پێویستە و دەبێ پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بکێشێتەوە”
شێخ جەعفەر: ئەوەی پەکەکە لە شنگال دەیکات سەرەڕۆییە و قەبوڵ ناکرێت

شێخ جەعفەر، فەرماندەی یەکەی حەفتای هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، داوای لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد، هێزەکانی لە شنگال بکشێنێتەوە، وەک چۆن پێشتر پێشمەرگە لە کۆبانێ کشاوەتەوە.



شێخ جەعفەر، لە میانی بەشداریکردنی لە پانێڵێکی پێنجەمین دیداری سلێمانی، ئاماژەی بەوە کرد: “من لەو باوەڕەدام کە هەڕەشەیەکی گەورە خرایە سەر ناوچەی شنگال لەلایەن داعشەوە، لەو کاتەدا هێزە کوردستانییەکان بە هانامانەوە هاتن و سوپاسیان دەکەین، هەروەک چۆن لەسەر داوای ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان، پێشمەرگە چووە کۆبانێ و ڕزگاری کردن و دووبارە ئێمەش گەڕاینەوە بۆ هەرێمی کوردستان، هەق وایە هێزەکانی دیکەی پارچەکانی دیکەی کوردستان، ئەو چاکەیە بگەڕێننەوە بۆ خۆیان، دەبێ بگەڕێنەوە شوێنێ خۆیان”.



ئەوەشی ڕوون کردەوە کە چۆن سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان کۆتایی بە شەڕی ناوخۆیی هێنا، بەهەمان شێوە و بە هاوکاریی هەموو لایەک، ڕێگە بە دوژمنانی کوردستان نەدەن، دەستتێوەردان لە خاکی هەرێمی کوردستاندا بکات.



ئەوەشی ئاشکرا کرد: “من پێموایە ئەم کارەی پەکەکە لە شنگال سەرەڕۆییە و لەوە دەچێت کە تۆ میوانێکت هەبێت و پێی بڵێی بڕۆ دەرەوە و کاتی میوانی تەواو بووە، بەڵام میوانەکە ملهوڕی بکات و نەڕواتە دەرەوە، ئەمە قەبووڵ ناکرێت و خەریکە خاوەن ماڵ دەبێتە میوان”.



بە گوتەی شێخ جەعفەر، هەڵوێستی یەکێتی لەبارەی شنگال، هەڵویستی پاراستنی پێگەی هەرێمی کوردستانە، چونکە “لەمێژە دروشمی مافی چارەی خۆنووسینمان هەڵگرتووە و ئێمە لەگەڵ هیچ جۆرە دەستێوەردانێک نین و بڕوامان وایە کە هەر هێزێک لە شوێن و پارچەی خۆی خەبات بکات و بێگومان سەردەکەون”.



ئەوەشی نەشاردەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دژی سەرهەڵدانی شەڕە لە شنگال، بەڵام: “چەندین گوندی کوردستان بە بۆنەی ئەو هێزانەوە ئاوەدان نەکراونەتەوە، بەردەوام لەلایەن ئێران و تورکیاوە بۆردومان دەکرێن”.




باسنیوز
Top