گوندنشینان: پەکەکە دەیەوێت ئاوەدانی لە گوند و ئاواییەکاندا نەهێڵێت

 گوندنشینان: پەکەکە دەیەوێت ئاوەدانی لە گوند و ئاواییەکاندا نەهێڵێت
گوندنشینان دەڵێن، دوای ڕووداوەکانی کۆمەڵگەی خانەسۆر کە (پەکەکە) ویستی پشێوی بنێتەوە، ئێستاش دەیەوێت ئاوەدانی لە گوندەکاندا نەهێڵێت و ڕێ لە گوندنشینان دەگرێت.

لەگەڵ ئەو شەڕ و ئاڵۆزییانەی (پەكەكە) لە خانەسۆر دروستی كرد، لە ناوچە سنوورییەكانیش بنكە و بارەگاكانیان لە گوند و ئاوایییەكان نیزیك دەكەنەوە، هاووڵاتیانیش ترسیان لێ پەیدا بووە و داوا دەكەن هەرچی زووە (پەكەكە) بنكە و بارەگاكانی خۆی بباتە دەرەوە و لە گوند و ئاوایییەكانی ئەواندا نەمێنێت، بۆ ئەوەی بە ئازادی كاری خۆیان بكەن.

(فكری كەریم)، کە خەڵكی ناوچە سنوورییەكانە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: ''لەگەڵ شەڕی خانەسۆر (پەکەکە) بنكە و بارەگای خۆی لە گوند و ئاوایییەكانی ئێمە نیزیك كردووەتەوە. داوا لە (پەكەكە) دەکەین، ڕەچاوی ژیان و گوزەرانی كاسپكاران و دانیشتووانی ناوچە سنوورییەكان بكات و بنكە و بارەگاكانی خۆی لە گوند و ئاوایییەكان دوور بخاتەوە، تا بتوانین بە ئارامی بژین و پەرە بە بواری كشتوكاڵی و ئاژەڵداری بدەین، چونكە ساڵانە بەهۆی (پەكەكە)ەوە سەدان سەر ئاژەڵ دەبنە قوربانی. ئێستا بێپارەیییە، ئەگەر مرۆڤ كار نەكات، ئەی چی بكات؟ بۆیە داواكارین هەرچی زووە حكوومەتی هەرێم كار بۆ دوورخستنەوەی پارتی كرێكارانی كوردستان بكات، بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانین بە شێوەیەکی ئاسایی ژیانی خۆمان بەڕێ بكەین.''

(نزار عەلی)، خەڵكی هەمان ناوچەیە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: ''(پەكەكە) بە دەستێكی دەرەكی كار دەكات، دەنا ئەگەر خۆی بە هێزێكی كوردی دادەنێت، دەبێت لە گوند و ئاوایییەكانی ئێمە بچێتە دەرەوە و بگەڕێتەوە ئەو شوێنەی كە شوێنی خەباتی ئەوانە، بۆیە داوا لە لایەنە پێوەندیدارەكان دەكەین لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان قسە بكەن و لێ نەگەڕێن بە كەیفی خۆیان، مامەڵە لەگەڵ خەڵكی ناوچە سنوورییەكان بكەن. پەکەکە دەیەوێ ئاوەدانی لە گوند و ئاواییەکاندا نەهێڵێ.''

(ئێحسان ماهر)، هاووڵاتییەكی دیكەیە و بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''بەهۆی هەبوونی بنكە و بارەگاكانی (پەكەكە)ەوە لە نیزیك گوند و ئاوایییەكانی ئێمە، ناوبەناو فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا گوند و ئاوایییەكانی ئێمە دەكەنە ئامانج، كە بەو هۆیەوە چەندین هاووڵاتی شەهید و بریندار بوونە و زیانێكی زۆری ماددیش بەر گوندنشینان كەوتووە، ئێستاش بەهۆی هاتنە خوارەوەی (پەكەكە) بۆ ناو گوند و ئاوایییەكان، دووبارە مەترسیی بۆردوومانەكە هەیە.''

(ئێحسان ماهر)، دەشڵێ: ''داوامان لە (پەكەكە) ئەوەیە لە گوندەكانمان دوور بكەوێتەوە، كێشەمان لە گەڵیان نییە، بەڵام پێویستە لەنێو خەڵك دوور بكەونەوە، چونكە ئەوان دێنە نێو گوند و ئاوایییەكان و، فڕۆكەكانی توركیاش بۆردومان دەكەن و بەو هۆیەوە دەبینە قوربانی.''
kdp-
Top