ماجد شنگالی: نوێنەری پەکەکە لە بەغدایە و داوای هاوکاریی دەکات
(د. ماجد شنگالی)، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پەرلەمانی عێراق پێشتر بڕیاری داوە، ھەموو ھێزە چەکدارە بیانییەکان لە ھەرێمی کوردستان و عێراق دەربچن و ھەبوونی چالاکیی سەربازی لەنێو خاکی عێراقدا قەدەغە کراوە، بەڵام تا ئێستاش پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئامادە نییە، بچێتە دەرەوە و لە بەغداش ھیچ ھەوڵێکی جیددی بۆ دەرکردنی (پەکەکە) لە ئارادا نییە، بۆیە پێویستە پارتی کرێکارانی کوردستان ھەرچی زووە چەکدارانی خۆی لە خاکی ھەرێمی کوردستان بکێشێتەوە.''
ئەو پەرلەمانتارە کوردە دەڵێ: ''ئەو ئەندامانەی (پەکەکە)، کە لە شنگال چالاکیی چەکداری دەکەن، لەلایەن حەشدی شەعبییەوە مووچەیان بۆ دابین دەکرێت، جگە لە مووچە، چەک و کەلوپەلی سەربازی و ئۆتۆمبێڵیشیان لەلایەن سەرکردەکانی حەشدی شەعبییەوە بۆ دابین کراوە.''
(د. ماجد شنگالی) گۆتیشی: ''ئێستا فەرماندەیەکی (پەکەکە)، بەناوی (سەعید حەسەن)، ماوەی چوار ڕۆژە لە بەغدایە و ھاتووە بۆ ئەوەی ھاوکارییان بکەن و لەگەڵ دەوڵەتی یاسا و حزبوڵڵا و چەند لایەنێکی دیکەی عێراقی چەندین دیداری کردووە.''
kdp-
