ئاوەکەڵەیی: پەکەکە لە سلێمانی جیا له‌وه‌ی چالاکیی هەیە، وه‌ك گوشاریش بەکاری دێنن

ئاوەکەڵەیی: پەکەکە لە سلێمانی جیا له‌وه‌ی چالاکیی هەیە، وه‌ك گوشاریش بەکاری دێنن
- ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی (مینا ئاوەکەڵەیی) ئاشکرای کرد، حزبی (پەکەکە) كه‌ ددان بە ئاڵای کوردستاندا نانێت و لە سنووری پارێزگای سلێمانی جیا له‌وه‌ی چالاکی دەکات، وەک کارتی گوشاریش بەرانبەر بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەکار ده‌هێنرێت.

(مینا ئاوەکەڵەیی) ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە ماوەکانی ڕابردوودا ژمارەیەکی یەکجار زۆر ڕێکخراوی مەدەنی بە شێوەیەکی فەرمی ناوی خۆیان تۆمار کردووە، بەڵام ئەوەی ئێمە تێبینیمان کردووە ژمارەی ئەو ڕێکخراوانە زیاد دەبن و، لەژێر ناوی ڕێکخراوی خۆبەخش و بێلایەندا خۆیان دەناسێنن، کەچی لە واقعدا حزبی سیاسی لە پشت ئەو ڕێکخراوە مەدەنییانەوە هەن و ئاراستەیان دەکەن. حزبایەتی شوێنی ڕێکخراوە ناحکوومی و خێرخوازی و خۆبەخشەکانی گرتووتەوە. بەشێک لە ڕێکخراوەکان بەفیتی ئەو حزب و ئەم حزبی سیاسی خەریکی کاری سیاسین و حزبایەتی دەکەن و هاوکاریی کۆمەڵگای مەدەنی ناکەن.''

دەربارەی چالاکیی (پەکەکە) لە سلێمانی ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''ئەو چالاکییانەی (پەکەکە) لە ھەرێمی کوردستان جێی داخە. ئەمڕۆ پێویستە (پەکەکە) زیاتر لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ھێزی پێشمەرگە ھاوکار بن، ئەگەر دەشیانەوێ خەبات بکەن، ئەوا لە باکوور ئێمەش ھاوکاریان دەبین، بۆ ئەوەی کورد لە ڕێی ئاشتییەوە بە مافی ڕەوای خۆی بگات، پێشتریش (سەرۆک بارزانی) زۆر ھاوکار بووە تا پڕۆسەی ئاشتی سەربگرێت، بەڵام دوژمنان نەیانھێشت کورد بە ئامانج بگات و پڕۆسەی ئاشتی سەربگرت.''

(مینا ئاوەکەڵەیی) دەشڵێ: ''لە ھەولێر و سلێمانی یەک حکوومەت ھەیە، بەڵام ئەو حزبانەی لە سلێمانی دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە ڕێ بە حزبی (پەکەکە) و ڕێکخراوەکانی سەر بەو حزبە دەدەن، چالاکییان ھەبێت، ئەمە لەکاتێکدایە (پەکەکە) لەژێر دەسەڵاتی ئەواندا لە سلێمانی چالاکیی خۆی دەکات و ددان بە ئاڵای کوردستانیشدا نانێت. نەک ڕێیان پێ دراوە، بگرە زۆرجار وەک کارتێکی گوشار بەرانبەر بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەکاریان دێنن، بەڵام دڵنیام ئەوەش وەک کارتەکانی دیکەیان فەشەل دێنێت.''

kdp-
Top