پارتێکی باکوووری کوردستان، پەکەکە بە تاکپەرست و دژی نەتەوەکان وەسف دەکات

پارتێکی باکوووری کوردستان، پەکەکە بە تاکپەرست و دژی نەتەوەکان وەسف دەکات
جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان لە تورکیا (بایرام بۆزیەل) هۆشداری دەداتە ئەندامانی (پەکەکە)، کە سیاسەتێکی چەوت بەڕێوەدەبەن و بە تاکپەرست و دژی بۆچوونی نەتەوەکان هەژماریان دەکات.

(بایرام بۆزیەل)، جێگری سەرۆکی حزبی سۆسیالیستی کوردستان لە باکووری کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''لەدوای ئەوەی پێشمەرگە قارەمانەکان شنگالیان لە بندەستی داعش ڕزگار کرد، حکوومەتی هەرێم هەوڵ دەدات ئاسایش و ئارامی بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە و برینی ئێزدییەکان ساڕێژ ببێت، بەڵام (پەکەکە) بووەتە ڕێگر لەبەردەم ئاوەدانکردنەوە و گەڕانەوەی ئاسایش بۆ ناوچەکە، بۆیە پێویستە (پەکەکە) شنگال چۆڵ بکات و بگەڕێتەوە ئەو جێیەی لێوەی هاتووە.''

(بایرام بۆزیەل) دەڵێ: ''دەبێ (پەکەکە) ڕێز لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بگرێت و کێشەی بۆ دروست نەکات. ئەگەر (پەکەکە) لە هەرێمدا بمێنێتەوە، ئاڵۆزی دەنێتەوە، زیان بە کورد دەگەیەنێت و بوونیان ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی وڵاتانی دیکە دەست بخەنە نێو کاروباری هەرێمی کوردستانەوە و دەست بۆ تێکدانی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان درێژ بکەن.''

(بایرام بۆزیەل)، سەبارەت بە سیاسەتی (پەکەکە) ڕایگەیاند: ''لە ڕۆژئاوای کوردستان سیاسەتێکی زۆر هەڵە بەڕێوە دەبەن، ئاخر هیچ لایەنێک ئەوەی قبووڵ نییە، کە (پەکەکە) دەیەوێت خۆی بەسەریاندا فەرز بکات، چونکە (پەکەکە) ڕێ نادات دیموکراسی بەرەو پێشەوە بچێت.''

جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان-تورکیا دەڵێ: ''ئەم سیاسەتەی (پەکەکە) لەسەر تاکپەرستی و دژی بۆچوونە نەتەوەیییەکانە، چونکە سیاسەتی نەتەوەیی لەسەر بۆچۆنی بنکەفراوانی دادەمەزرێت و هەبوونی بیر و هەڵوێستە جوداکان قبووڵ دەکات و هەوڵ دەدات بڕیارە نەتەوەیییەکان ئاوەدان بکرێت، بەڵام (پەیەدە) هەمووی ئەمانە ڕەت دەکاتەوە و خۆی لەسەر هەموو کەسێک فەرز دەکات و ڕێ نادات ڕێکخستنەکانی دیکە خەبات بکەن و کێشە بۆ لایەنەکانی دیکە دروست دەکات و ئەندام و بەڕێوبەرەکانیان دەستگیر دەکات. (پەیەدە) پەیمانی (هەولێر) و (دهۆکیش) جێبەجێ ناکات و پەیمان لەگەڵ عەرەبەکان دەبەستێت و پێوەندی بە ڕژێمی ئەسەدەوە دەکات و ڕێ نادات پێشمەرگەی ڕۆژئاوا بگەرێنەوە ڕۆژئاوای کوردستان. (پەکەکە) زیان بە کەیسی کورد دەگەیێنیت و پێویستە هەڵویستی تاکپەرستانەی خۆی بەرامبەر بە لایەنەکانی دیکە بگۆڕێت و هێزی هاوبەش لە ڕۆژئاوای کوردستان دروست بکات.''

(بۆزیەل) زیاتر دوا: ''ئێستا وڵاتەکانی جیهان، وەک سەرۆکی وڵاتان پێشوازی لە سەرۆک (مەسعوود بارزانی)، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن و کاتێک هات بۆ تورکیا ئاڵای کوردستان بەرز کرایەوە و ئەمەش جێی شانازی و خۆشییە بۆ هەموو کوردێک.''

(بۆزیەل) دەشڵێ: ''(مەسعوود بارزانی) بەر لە هەرشتێک سەرۆکی هەرێمی کوردستانە و، بەلای منەوە ڕوومەتی تەواوی گەلی کوردە لە هەرچوار پارچەی کوردستان. سیاسەتی حەکیمانەی (بارزانی) لە جیهانیشدا گرینگییەکی یەکجار زۆری هەیە و بە شێوەکی هەرەباش ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست شرۆڤە دەکات و هیوادارین لە سایەی سەرۆکاتییەکەیدا کوردستان بە مافی ڕەوای سەربەخۆیی بگات و دۆزی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستاندا بەرەو پێشەوە بڕوات.''
kdp-
Top