لەیادی ڕاپەڕینی سلێمانیدا کۆسرەت رەسوڵ عەلی داوای خزمەتکردنی زیاتری شارەکە دەکات
كۆسرەت رەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پەیامێكی بەبۆنەی یادی راپەڕینی ساڵی 1991 ی شاری سلێمانی بڵاوكردەوەو رایگەیاند، " 7 ی ئازار یادی بیست و شەشهەمین ساڵڕۆژی ڕاپەڕینە مەزنەکەی شاری سلێمانی دەکەینەوە ئەو شارەی کە هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی قارەمانێتی و قوربانیدان و هەڵمەت بردندابووە بۆسەر دوژمنان و نەیارەکانی گەل و نەتەوەی کورد و هەر لەسەرەتای دروستبوون و دامەزراندنیشیەوە نمونەی شاری داهێنانی نوێ و پڕ ئەمەک و وەفاداری بووە، مێژووی سلێمانیش بۆمان دەگێڕێتەوە کەیەکەمین ئیدارەی حوکومڕانی کوردیش لە سەدەی بیستدا هەر لەم شارەدا و لەسەردەستی شێخ مەحمودی نەمر دامەزرا و ئازایانە ڕووبەڕووی داگیرکەرانی ئینگلیز و جەندرمەی تورکە عوسمانلیەکان ڕاوەستان ."
كۆسرەت رەسول عەلی لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا لەباسی شاری سلێمانیدا دەڵێت "زۆربەی هەرەزۆری خەڵکەکەی بیرتیژ و بیر فراوان بوون و کوردستانیانە بیریان کردۆتەوە و دەیان سەرکردە و کەسایەتی دیارو هەزاران لاوی خوێندەوار و خوێن گەرمی بۆ کوردایەتی پێگەیاندووە ، لە سەردەمە جیاجیاکاندا ڕۆڵە و تێکۆشەرەکانی زۆر لە خۆبوردوانە کوانووی خەبات و شۆڕشەکان و کوردایەتیان جۆشداوە لە هەر پارچەیەکی کوردستانی گەورە بووبێت و قوربانیان لەپێناو سەرخستنیان بە شێوەیەکی دیار و بەرچاو بووە. هەر لەبەر ئەو هۆیەش بووە کە دوژمنان و داگیرکەران هیچ کات چاوی خێریان پیا هەڵنەهێناوە و هەمیشە هەوڵی پاشخستنیان داوە و ڕێگری زۆریان بۆ گەشەکردن و ئاوەدانکردنەوەی زیاتریان هێناوەتە ڕێگا."
لەکۆتایی پەیامەکەشیدا كۆسرەت رەسول عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی دەڵێت: "لەم یادە پیرۆزەدا داواکارم لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و تێکڕای لایەنە پەیوەندیدارەکان و سەرمایەداری بیانی و خۆماڵیە دڵسۆزەکانیش کە هەرچی زیاترە خزمەت بەم شارە تێکۆشەرەی کوردستان بکەن و دەستی پرۆژەی ستراتیژی و ئاوەدانی زیاتری بگەیەنێ و سیمای شایستەی خۆی پێ ببەخشرێتەوە کە ماوەیەکیشە بەهۆی قەیرانی دارایی هەرێمەوە زۆربەی پرۆژە ی وەبەرهێنان و پرۆژەخزمەتگوزاری یەکانیشی وەکو پێویست نین."
xandan -
