سلێمانی.. 10 ھاووڵاتی بەتۆمەتی دزی و ساختەکاری دەستگیرکران
لەڕاگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ھاتووە: "لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە چەند چالاکییەکی جیاوازدا 10 بەشی پۆلیسی نەھێشتنی تاوان بە ھاوکاری ئاسایشی سلێمانی ھاووڵاتیان دەستگیرکردووە کە تاوانی دزی و ساختەکارییان ئەنجامداوە"
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ئەوەشی خستوەتەڕوو: "لە چالاکییەکدا 4 ژن دەستگیر کراون کە تاوانی بڕینی جانتای ئافرەتان و دزیکردنیان لەنێو بازاڕدا ئەنجامداوە، ھەروەھا دوو ھاووڵاتی بەڕەگەز عەرەب دەستگیرکراون کە تاوانی بڕینی مارکێتیان ئەنجامداوە و 2 ھاووڵاتی دیکەی بەڕەگەز عەرەبی سووریش دەستگیرکراون کە تاوانی دزینی کەلوپەل و پێداویستی بیناسازییان لە خانووی تەواونەکراودا ئەنجامداوە".
ھاوکات، ئەو ڕاگەیەندراوە، باسی لەوەش کردووە: "لە چالاکییەکی دیکەدا بە ھاوکاری ھێزەکانی ئاسایشی سلێمانی، دوو ھاووڵاتی دەستگیرکراون بە تۆمەتی فرۆشتنی زەوی و موڵکی ھاووڵاتیان بە مامەڵەی ساختەوە بەبێ ئەوەی خاوەنی موڵکەکە ئاگادار بێت".
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ھەر لەو ڕاگەیەندراوەدا داوای لە ھاووڵاتیان کردووە کە لەکاتی بازاڕکردن، ئاگاداری گیرفان، کەلوپەل و جانتاکانیان بن و لەکاتی بینینی ھەر حاڵەتێکی نەخوازراودا لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە.
باسنیوز
