دەزگای خێرخوازیی بارزانی قۆناغی سێیەمی پڕۆژەی چاودێری ئازیزانی دەست پێکرد

 دەزگای خێرخوازیی بارزانی قۆناغی سێیەمی پڕۆژەی چاودێری ئازیزانی دەست پێکرد
ھەزار منداڵی بێباوک لە ھەرێمی کوردستان، مانگانە لە چوارچێوەی پڕۆژەی چاودێری ئازیزاندا ھاوکاریی ماددییان بۆ دابین دەکرێت، وڵاتی کوێت سپۆنسەری ٤ ھەزار منداڵ و وڵاتی سعودیە سپۆنسەری ھەزار منداڵی دیکە، دەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە ٧/٣/٢٠١٧ لە مەراسیمێکدا، لە ھۆڵی شەھید سەعد عەبدولڵا لە ھەولێر، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دەسپێکی قۆناغی سێیەمی پڕۆژەی چاودێری ئازیزانی راگەیاند، ئەم قۆناغە بە ھاوکاری وڵاتانی کوێت و شانشینی عەرەبی سعودی بەڕێوەدەچێت.

لە مەراسیمەکەدا، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕای گەیاند: "ئەو پڕۆژەیە دوو قۆناغی بەڕێوەچووە و ئەمڕۆ دەستپێکی قۆناغی سێیەمی پڕۆژەکە دەست پێدەکەین کە تیایدا ٥ ھەزار منداڵی شەھیدان سودمەند دەبن''.

سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەوەشی خستەڕوو: "وڵاتانی سعودیە، کوێت، ئیمارات و کەسانی دەوڵەمەندی کوردستان سپۆنسەری پڕۆژەکە دەکەن، لەم قۆناغەدا وڵاتی کوێت سپۆنسەری ٤ ھەزار منداڵ دەکات و وڵاتی سعودیەش سپۆنسەری ھەزار منداڵی دیکە، دەکات''

ھەروەھا لە درێژەی مەراسمەکەدا د. عومەر ئەلکەندەری سەرکونسوڵی وڵاتی کوێت لە ھەولێر، سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی و پڕۆژە ھاوبەشەکانیان، ڕای گەیاند: "دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بۆ ئێمە باشترین ھاوبەش بووە و لەگەڵ ئەم دەزگایە توانیومانە بەسەر زۆر ئاستەنگدا زاڵ ببین و چەندین پڕۆژەی مرۆیی جێبەجێ بکەین.

سەبارەت بە پڕۆژەی چاودێری ئازیزان، ئەوەشی ڕوون کردەوە: "ھاوکاریکردنی منداڵانی بێباوکی شەھیدانی پێشمەرگە، ئەرکێکی پیرۆزە و ھەوڵێکە بۆ نیشاندانی ڕیزو پێزانینی خۆمان بۆ ئەو قوربانیەی کە پێشمەرگەکان بۆ پاراستنی ھەرێمی کوردستان و عێراق داویانە، وڵاتی کوێت لە ڕێگەی کۆمەڵەی بەھاناوەچوونی کوێتیەوە، چەند پڕۆژەیەکی ئەنجامداوە لەوانە سەرپەرشتیکردنی ٤ ھەزار منداڵی بێباوکە لە ھەرێمی کوردستاندا''.








باسنيوز
Top