دەزگای خێرخوازیی بارزانی قۆناغی سێیەمی پڕۆژەی چاودێری ئازیزانی دەست پێکرد
ئەمڕۆ سێشەممە ٧/٣/٢٠١٧ لە مەراسیمێکدا، لە ھۆڵی شەھید سەعد عەبدولڵا لە ھەولێر، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دەسپێکی قۆناغی سێیەمی پڕۆژەی چاودێری ئازیزانی راگەیاند، ئەم قۆناغە بە ھاوکاری وڵاتانی کوێت و شانشینی عەرەبی سعودی بەڕێوەدەچێت.
لە مەراسیمەکەدا، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕای گەیاند: "ئەو پڕۆژەیە دوو قۆناغی بەڕێوەچووە و ئەمڕۆ دەستپێکی قۆناغی سێیەمی پڕۆژەکە دەست پێدەکەین کە تیایدا ٥ ھەزار منداڵی شەھیدان سودمەند دەبن''.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەوەشی خستەڕوو: "وڵاتانی سعودیە، کوێت، ئیمارات و کەسانی دەوڵەمەندی کوردستان سپۆنسەری پڕۆژەکە دەکەن، لەم قۆناغەدا وڵاتی کوێت سپۆنسەری ٤ ھەزار منداڵ دەکات و وڵاتی سعودیەش سپۆنسەری ھەزار منداڵی دیکە، دەکات''
ھەروەھا لە درێژەی مەراسمەکەدا د. عومەر ئەلکەندەری سەرکونسوڵی وڵاتی کوێت لە ھەولێر، سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی و پڕۆژە ھاوبەشەکانیان، ڕای گەیاند: "دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بۆ ئێمە باشترین ھاوبەش بووە و لەگەڵ ئەم دەزگایە توانیومانە بەسەر زۆر ئاستەنگدا زاڵ ببین و چەندین پڕۆژەی مرۆیی جێبەجێ بکەین.
سەبارەت بە پڕۆژەی چاودێری ئازیزان، ئەوەشی ڕوون کردەوە: "ھاوکاریکردنی منداڵانی بێباوکی شەھیدانی پێشمەرگە، ئەرکێکی پیرۆزە و ھەوڵێکە بۆ نیشاندانی ڕیزو پێزانینی خۆمان بۆ ئەو قوربانیەی کە پێشمەرگەکان بۆ پاراستنی ھەرێمی کوردستان و عێراق داویانە، وڵاتی کوێت لە ڕێگەی کۆمەڵەی بەھاناوەچوونی کوێتیەوە، چەند پڕۆژەیەکی ئەنجامداوە لەوانە سەرپەرشتیکردنی ٤ ھەزار منداڵی بێباوکە لە ھەرێمی کوردستاندا''.
باسنيوز
