جه‌لال تاڵه‌بانى: ده‌بێت په‌كه‌كه یان وه‌كو هێزى سیاسى بمێنێته‌وه یان له هه‌رێمى كوردستان بچێته ده‌ره‌وه
له‌سه‌ره‌تاى وتاره‌كه‌یدا، وه‌ك له گرته ڤیدیۆییه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، جه‌لال تاڵه‌بانى، ده‌ڵێت :" په‌كه‌كه له ناوچه‌كانى باشوورى كوردستان خۆیان به زۆر سه‌پاندووه".
"مام جه‌لال"، باس له‌وه ده‌كات، كه په‌كه‌كه هه‌موو سه‌ركرده‌كانى كوردستانى باشوور به خیانه‌تكار و به‌كرێگرته وه‌سف ده‌كات، له كاتێكدا خۆیان شه‌ڕى حزبه كوردستانییه‌كانى باكوور ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت :" سه‌یر ئه‌وه‌یه، له كاتێكدا هاوكارى ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ ده‌زگاكانى سیخوڕ‌ى عێراق و سووریا و ئێران، كه چى دژایه‌تى حزبه‌كانى سیاسى ئه‌م وڵاتانه ده‌كه‌ن و پێیانڕه‌وا نابینن ته‌نانه‌ت وه‌كو حزبێكى كوردستانى نیشتمانى باس بكرێن".
جه‌ختیش ده‌كاته‌وه، كه چه‌ندینجار گفتوگۆیان له‌گه‌ڵیان كردووه و دواجار شاندێك كه مام جه‌لال خۆى به‌شداربووه، له‌گه‌ڵیاندا ڕێك ده‌كه‌ون، به‌ڵام :" هێشتا مه‌ره‌كى نووسینی ڕێككه‌وتنه‌كه وشك نه‌بووه‌ته‌وه، كه چى ئه‌وان ده‌ستیان كرد به‌هێرش به‌تایبه‌تى له كۆڕه‌وه‌كه كه ساڵى ڕابردوو به‌سه‌ر گه‌له‌كه‌ماندا هات".
سكرتێری گشتى یه‌كێتى، هه‌روه‌ها باس له‌وه ده‌كات، كه هه‌وڵێكى زۆریان له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه داوه واز له‌و سیاسه‌ته بهێنن و داوه‌تیشیان كردووه بۆ كۆنگره‌ى یه‌كێتى، ده‌شڵێت :" هه‌رچه‌نده گوتیان باشه و شاندێكیشیان به‌شدارى كۆنگره‌یان كرد، به‌ڵام دواى پیرۆزبایی ده‌ستیانكرده جنێودان و هێرشكردنه سه‌ر سه‌ركرده‌كانى یه‌كێتى".
جه‌ختیش ده‌كاته‌وه، كه :" داومان لێیان كرد سیاسه‌تێكى ژیرانه به‌كار بهێنن، كه بۆ خۆیان باشه، به‌ڵام گوتیان نا ئه‌و به‌هاره ڕابوون ده‌كه‌ین و جمهوورییه‌تى بۆتان و بادینان داده‌مه‌زرێنین".
هه‌روه‌ها ده‌شڵێت :" چه‌ندین جارى دیكه هه‌وڵمان له‌گه‌ڵیان دا بۆ ئه‌وه‌ى سیاسه‌تى خۆیان بگۆڕن، به‌تایبه‌ت بوونیان له‌سه‌ر سنووره‌كانى هه‌رێمى كوردستان، كه پێمان وایه ئه‌وه به فیتی دوژمنان و بێگانه‌یه بۆ شكستپێهێنانى ئه‌و ئه‌زموونه له‌باره‌یه كه بۆ باشوورى كوردستان هاتووه‌ته ئاراوه".
مام جه‌لال ئاماژه به‌وه ده‌دات، كه په‌كه‌كه له سووریا و ئێران و شوێنى دیكه‌ش هێزیان هه‌یه، به‌ڵام له‌هیچ كام له‌و شوێنانه ناڵێن له كوێن، كه چى بۆ شوێنه‌كانیان له كوردستانى عێراق، ده‌ڵێن ئێمه له برادۆست و له‌و ناوچانه‌ین و ڕۆژنامه‌نووسه‌كانى توركیا بانگهێشت ده‌كه‌ن و وێنه‌یان ده‌گرن بۆ ئه‌وه‌ى میدیاكانى توركیا به شێوه‌یه‌ك بڵاوى بكه‌نه‌وه كه له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان بكه‌وێـت.
جه‌ختیش ده‌كاته‌وه، كه له‌سه‌ر كوردستانیبوون، هیچ حزبێك ناتوانێت موزایه‌ده به‌سه‌ر حزبه‌كانى كوردستانى باشووره‌وه بكات، داواش له په‌كه‌كه ده‌كات، یان له كوردستاندا بمێننه‌وه و ته‌نها خه‌باتى سیاسی بكات، یان ده‌بێت سنووره‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌جێ بهێڵێت.
له كۆتاییشدا ده‌ڵێت :" له قامووسى ئه‌و سه‌رلێشێواوانه، هه‌موو سه‌ركرده كوردستانییه‌كان خائینن"
باسنيوز
