پەرلەمانتارێکی یەکگرتوو: دەبێت چوونی شاندە حزبییەکان بۆ بەغدا ڕابگیرێت

 پەرلەمانتارێکی یەکگرتوو: دەبێت چوونی شاندە حزبییەکان بۆ بەغدا ڕابگیرێت
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باس لە ناردنی شاندی حزبی دەکات بۆ بەغدا و دەڵێت: "ئەو شاندە حزبیانە ناکرێت شوێنی شاندی حکوومی بگرنەوە".

جەمال کۆچەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان گوتی: "لە هەرێمی کوردستانەوە بڕیار نەدراوە بۆ ئەوەی ئەو شاندە ڕەوانەی بەغدا بکرێت، ئەگەر بریار بدەن لە بەغداوە پێشوازییان لێ دەکرێت، بەڵام گرنگە لە هەرێمی کوردستان تەجاوزی پرسی سیاسیی بکرێت، چونکە بەداخەوە وای لێهاتووە ئەگەر لایەنێک داوایەک پێشکەش بکات، لایەنەکەی دیکە بە هەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، بۆیە دەبێ بریاری ئێمە لە دەرەوەی چوارچێوەی حزب بێت".

ڕوونیشی کردەوە: "قەیرانی کوردستان قەیرانی حزبەکانە، حزبەکان گرفتیان بۆ خەڵک دروست کردووە، بۆیە دەبێت سەرجەم شاندە حزبییەکان بۆ بەغدا رابگیرێن، ئەوەی لە دەرەوەی چوارچێوەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، هەمووی بەناوی حکوومەتەوە بێت، نەک هەر دوو حزب و دوو کەسێک بەناوی خەڵکەوە سەردانی بەغدا بکەن

پێشتر چەندان جار، شاندی حزبی لە هەرێمی کوردستانەوە سەردانی بەغدای پایتەختی عێراقی کردووە کە لە نێویاندا چەند جارێک شاندەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دیداریان لەگەڵ نووری مالیکی، سەرۆکی حزبی دەعوەی ئیسلامی ئەنجام داوە کە بە بڕینی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان تۆمەتبارە.






باسنیوز
Top