حزبی شیوعی: نامەکەی ترمپ بۆ بارزانی لایەنێکی مەعنەویی گرنگ دەبێت بۆ کوردستان

 حزبی شیوعی: نامەکەی ترمپ بۆ بارزانی لایەنێکی مەعنەویی گرنگ دەبێت بۆ کوردستان
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعی کوردستان، باس لە گرنگی ناردنی نامەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دەکات بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دەڵێت: "نامەکە زۆر رەهەندی سیاسی لە خۆی دەگرێت".



هەندرێن ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعی کوردستان راگەیاند: "لەو کاتەوەی دۆناڵ ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هاتووەتە سەر حوکم، زۆر گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئەمەریکا ڕوویان داوە، خەڵک چاوەڕوانی ئەوە بوو، سیاسەتی ئەمەریکا بەرانبەر بە کوردستان چی دەبێت؟”.



ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعی ڕوونیشی کردەوە، نامەکەی ترەمپ بۆ بارزانی، هۆکارێکی مەعنەویی بەهێز دەبێت بۆ خەڵکی کوردستان، بۆ سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان تا لەسەر بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکان ڕێک بکەون. گوتیشی: “لەم نامەیەدا وا دەردەکەوێت کە ئیدارەی ترەمپ دەیانەوێت مامەڵەیەکی تایبەت لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن، لە هەمان کاتدا دەبێ ڕەچاوی دۆخی عێراق و سووریاش بکەن، بەڵام بە هەموو پێوەرەکان ئەوە مانای ئەوەیە کە ئیدارەی ترمپ جەخت دەکاتەوە لەسەر هەماهەنگی و پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان".



هەندرێن ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە، لە نامەکەدا باس لە هاوبەشی و پێکەوەیی کراوە، “ئەمەریکا هاوپەیمانێکی بەهێزی کوردستانە، بەتایبەت لە شەڕی تیرۆردا، بۆیە گرنگە ئەمەریکا هۆکارێک بێت بۆ پاڵپشتیی گەلی کوردستان لە پرسەکانی لەگەڵ بەغدا و جەمسەربەندیی ناوچەکە و سیاسەتی نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستاندا".





باسنیوز
Top