نەورۆز مەولود: پرۆژەیەک بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر پێشمەرگە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت

نەورۆز مەولود: پرۆژەیەک بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر پێشمەرگە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، پڕۆژەیەک لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر پێشمەرگە، ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە.



نەورۆز مەولود، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند: "پێش 3 مانگ، وەزارەتی شارەوانی پڕۆژەیەکی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کرد، بۆ ئەوەی زەوی بەسەر سەرجەم پێشمەرگەکاندا دابەش بکرێت، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، ئێستا پڕۆژەکە لەلایەن لێژنەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت، ئێمەش لە چاوەڕوانیی وەڵامی ئەنجومەنی وەزیران داین".



وەزیری شارەوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە گفتوگۆ لەسەر ئەوە کراوە کە حاڵەتی هەڵاواردن (ئیستسنا) بۆ ئەو پێشمەرگانە بکرێت کە پێشتر سوودمەند بوون، ئەگینا بە سەرجەم پێشمەرگەکانی هەرێمی کوردستان دەدرێت.



نەورۆز مەولود ئەوەی ڕوون کردەوە کە هەرچەندە پڕۆژەکەیان پێشکەش کردووە، بەڵام دوای بڕیاردان لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەوکاتە دەزاندرێت وردەکاریی دابەشکردنی زەوییەکان چۆن دەبێت.


باسنیوز
Top