لە دوو گەڕەکی گەورەی خورماتوو ھەڕەشەی دەرکردن لە کورد دەکرێت
بەپێی زانیارییەکان، ئێستا گەنجانی کورد لە ھەردوو گەڕەکی عەسکەری و تینی خورماتوو بە شەوان بۆ پاراستنی سەر و ماڵیان بە چەکەوە لە کۆڵانەکانیان ئێشک دەگرن و بەشی ھەرە زۆری ئەو کوردانەی لەو دوو گەڕەکە نیشتەجێن خەڵکی ھەژار و کەمدرامەتن و ناتوانن خانووەکانیان بفرۆشن و بێن لە گەڕەکە کوردنشینەکان خانوو بکڕن، لەبەر ئەوەی موڵک لەو دوو گەڕەکەدا نرخی تا ئاستێکی زۆر دابەزیوە و بەو نرخەی موڵکی دیکەیان پێ ناکڕدرێت و بەشێکیشیان دەڵێن خورماتوو خاکی کوردستانە و لەبەر بوونی حەشدی شەعبی و خەڵکی ناحەز نایانەوێت گەڕەکەکانیان چۆڵ بکەن.
سەرچاوەیەکی تەناھی لە خورماتوو ڕای گەیاند: "لە خورماتوودا دەیان دەزگای تەناھی ھەن، بەڵام ناتوانن دۆخی ھەردوو گەڕەکی عەسکەری و تین لە ڕووی تەناھییەوە بپارێزن، ئەو دوو گەڕەکە لە نەتەوە جیاوازەکانی خورماتوو پێکدێن و جگە لەوانیش ژمارەیەک ئاوارەی دەوروبەری خورماتوو و تەنانەت خەڵکی دیالەش تێیدا نیشتەجێن، بەڵام لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا لە ڕێگەی پێوەندیی مۆبایلەوە، بە چەند ھاووڵاتییەکی کورد ڕاگەیاندراوە کە گەڕەکەکە چۆڵ بکەن، ئەگینا خۆیان و ماڵ و منداڵیان لەنێو دەبەن، ھەمان ئەو کەسانە ھێمای (ئێکس)یان لەسەر دەرگای بەشێک لە ماڵە کوردەکان کێشاوە".
سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ”لە ئاست ئەو زوڵم و زۆردارییەی کە لە کوردەکانی خورماتوو دەکرێت، ھیچ کەس و لایەنێک و ھێزێک نەھاتووەتە دەنگ، تەنانەت ڕاگەیاندنەکانیش ئاماژەی بۆ ناکەن کە کورد لە خورماتوو لەژێر فشارێکی زۆری تیرۆریستان و دەستی ناحەزان و تەنانەت حەشدی شەعبیدایە، ھاووڵاتییانی کورد بەرگەیان گرتووە و لە قەزاکەدا ماون، تەنیا لەبەر ئەوەی خاکەکە خاکی کوردستانە".
ھادی بەکر، تەمەن ٥١ ساڵ، ھاووڵاتییەکی کوردی دانیشتووی گەڕەکی عەسکەریی قەزای خورماتووە، ڕای گەیاند: "ماوەی زیاتر لە ٢٥ ساڵە دانیشتووی گەڕەکی عەسکەریم لە خورماتوو، لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا تەلەفۆنێکم بۆ ھات و کەسێک بە عەرەبی قسەی دەکرد و پێی ڕاگەیاندم پێویستە بار بکەیت و ماڵەکەت بەجێ بھێڵیت، ئەگینا لە ناوت دەبەین، دواتر مۆبایلەکەی داخست، ئەم حاڵەتە تەنیا بەسەر مندا نەھاتووە، بەڵکوو بەسەر چەند کەسێکی تر لە گەڕەکی عەسکەری و تیندا ھاتووە، بەڵام ئێمە بە ھیچ شێوەیەک ئامادە نین گەڕەکەمان چۆڵ بکەین".
گوتیشی: "داوامان لە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە کە ھێزێکی تۆکمەی کوردستانی لەژێر فەرمانڕەوایی وەزارەتی پێشمەرگەی ڕەوانەی گەڕەکەکانمان بکرێت بۆ پاراستنی سەروماڵمان، ئەو کردەوەیە بە پیلانێکی مەترسیداری دەزانین دژ بە کورد، ئەگەر ئێمە ئێستا گەڕەکەکەی خۆمان چۆڵ بکەین، سبەی ھەر ئەو کەسانەی ھەڕەشە دەکەن، لە گەڕەکەکانی تریش دەست دەکەن بە ھەڕەشە، دواجار ڕۆژێک دێت کورد لە خورماتوو نامێنێتە".
لەم بارەوە عەقید نیزام فازڵ، بەڕێوەبەری پۆلیسی خورماتوو ڕای گەیاند: "ھێزەکانی پۆلیسی خورماتوو ھەمیشە ھەوڵ دەدەن گرفتی تەناھی لە قەزاکەمان دروست نەبێت، بەڵام ھەندێک جار لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە کردەوەی توندوتیژی ئەنجام دەدرێت دژ بە ھاووڵاتییان، جگە لەوەش ھەر لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە ھێمای (ئێکس) لەسەر ژمارەیەک لە ماڵە کوردەکانی ھەردوو گەڕەکی عەسکەری و تینی خورماتوو کێشراوە و ھەڕەشەی ئەوەیان کردووە کە بار بکەن".
بەڕێوەبەری پۆلیسی خورماتوو گوتیشی: "ھێزەکانی پۆلیس دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەوەی چ دەست و تاقمێک ھەڕەشە لە دانیشتووانی خورماتوو دەکەن، بۆ ئەوەی بتوانین بە سزای یاساییانەی خۆیانیان بگەیەنین، ئێمە لە خورماتوو بە کورد و تورکمان و عەرەبەوە، برائاسا چەندین دەیەیە پێکەوە ژیاوین و ناھێڵین دەستی ڕەش نێوانمان تێک بدات".
باسنیوز
