سەرکردەیەکی یەکگرتوو باس لە گرنگیی نامەکەی ترەمپ بۆ بارزانی دەکات

 سەرکردەیەکی یەکگرتوو باس لە گرنگیی نامەکەی ترەمپ بۆ بارزانی دەکات
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، ئاماژە بە نامەکەی دۆناڵ ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ بارزانی دەکات و ڕای دەگەیەنێت، دەبێت کورد سوود لەو هەلومەرجە وەربگرێت کە لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی هاتووەتە پێشەوە.



د. محەمەد ئەحمەد، یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو و ئەندامی سەرکردایەتیی ئەو حزبە، ڕاگەیاند: “باسی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و کۆتایی پێ هێنانی داعشە، ئیدارەی ترەمپ بڕیاری داوە بە جددیتر و قووڵاییتر بیر لە پرسی ڕووبەڕووبنەوەی داعش بکاتەوە، دەزانێت کەس وەک کورد ناتوانێت مەیدانییانە ڕووبەڕووی داعش ببێتەوە، بۆیە لەم کاتەدا ترەمپ پەیامێک دەنێرێت".



ئەوەشی ڕوون کردەوە، بە شێوەیەکی گشتی لەگەڵ عێراق و دەوڵەتانی ناوچەکە، حاڵەتێک هاتووەتە پێشەوە لە بەرژەوەندیی کوردە و لە سەدانی ڕابردوو دەرفەتی لەم شێوەیە نەهاتووەتە پێشەوە. گوتیشی: “گرنگە کورد ئەو دەستکەوتانە لەناو نەبات، چونکە نەک ئەمریکا، بەڵکو تەواوی جیهان بۆ کورد هاتوونەتە پێشەوە، گرنگە کورد ئەم پەیامە بە هەند وەربگرێت و ئەمە دەستکەوتی گەلی کوردە".



به‌پێی ڕاگه‌یاندراوێكى سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمى كوردستان كه‌ ڕۆژی دووشه‌مه‌ 6ى ئادارى 2017 بڵاو کرایەوە، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جەختی لە پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ کوردستان کردووەتەوە و بە بارزانی ڕاگەیاندووە: “بە هاوبەشی، دەتوانین بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵ بین”.








باسنیوز
Top