”مالیکی فەرمان بە پەکەکە دەکات ئاژاوە بۆ ھەرێمی کوردستان دروست بکات“
فەریق جەمال ئیمینکی سوپاسالاری ھێزی پێشمەرگەی کوردستان رای گەیاند، دۆخی شنگال لە دوای رووداوەکە وەکو خۆی ماوەتەوە و ھیچ رێککەوتنێک لەگەڵ پەکەکە نەکراوە، گوتیشی: "نازانین پەکەکە ھێزی زیاتری بۆ شنگال ھێناوە یان نەیھێناوە، بەڵام پێشمەرگەش لە شنگال ھێزی زۆر ھەیە و ئەوانیش ھەیانە، دۆخەکە بەشێوەیەکی گشتی ئارام بووەتەوە".
ئاماژەی بەوەش دا، بەھۆی ئەو رووداوەوە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە جوڵەکردن نەوەستاوە و ئەوەی فەرمانی پێ کراوە ئەنجامی داوە.
ھاوکات سەربەست لەزگین فەرماندەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شنگال رای گەیاند، ئەوان بە ھیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدا نین شەڕی کورد و کورد روو بدات، بەڵام ئەوەی رووی داوە سەرەتاکە لەلایەن پەکەکەوە خۆیان بووە و دواتر ھەر خۆشیان داوای ئاگربەستیان کردووە، گوتیشی: “کاتێک شەڕەکە رووی دا پەکەکە داوای کرد شەڕەکە بوەستێت و یەکتر ببینین، ئەوە بوو ھەر لە شوێنی شەڕەکە یەکترمان بینی و پەیامێکمان پێیان دا، بۆ نیازپاکی و بۆ ئەوەی رای گشتیی خەڵکی کوردستان بزانێت کە بە ھیچ شێوەیەک پێشمەرگە لەگەڵ شەڕدا نییە پێنج دیلی ئەوانمان کە لە شەڕەکە دەستگیر کردبوون، ئازادمان کردن”.
ھێمای بۆ ئەوەش کرد، پەیامی ئەوان بۆ پەکەکە ئەوە بووە کە نابێت بە ھیچ شێوەیەک دەست لە کاروباری شنگال وەربدەن و نابێت خۆیان بە دەسەڵات بزانن و پێشمان خۆشە شنگال چۆڵ بکەن، چونکە ئێرە ھەرێمی کوردستانە، گوتی: “نازانین ئەوان چ بڕیارێکیان دەبێت، ھەندێ سەرچاوە باس لە کۆکردنەوەی ھێزیان دەکەن بۆ شەڕ، ئەگەر ئەوە بکەن ئەنجامەکەی خۆیان لێی بەرپرسیار دەبن”.
جەختی لەوەش کردەوە، جگە لە ئاگربەست، ھیچ رێککەوتنێک لەنێوانیدا لەو یەکتربینیەدا نەکراوە.
لای خۆشیانەوە، عەمید سمێ، جێگری فەرماندەی ھێزەکانی پێشمەرگە لە شنگال، رای گەیاند، ئەو ھێزەی پێشمەرگەی رۆژ کە سەر بە ھێزی زێرەڤانییە و لەژێر فەرماندەیی ھێزی پێشمەرگەی کوردستاندایە، ئەو ئامانجەی کە جووڵەی بۆ پێ کراوە جێبەجێی کردووە و ئێستا تەواوی ساترەکانی لەنێوان خانەسۆر و سنوونێ ھەڵداوە، گوتیشی: “پێشمەرگە کە لەناو ماڵی خۆیدایە کە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانە، بۆ جووڵە پێکردن مۆڵەت لە کەس و ھیچ لایەنێک وەرناگرێت، ئەوەی لە شنگال روو دەدات کار و کاردانەوەیە، ھێزەکانی سەر بە پەکەکە تەقەیان کردووە و پێشمەرگەی رۆژیش وەڵامی داونەتەوە”.
لەبارەی ھێنانی چەکدارێکی زۆری پەکەکەش بۆ شنگال، ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە دا، پەکەکە بەو تێگەیشتنەی کە ھەیەتی لە جێبەجێکردنی ئەجێندای مالیکی و فەرمان وەرگرتن لێی زیانی گەورە دەکات، گوتی: “پەکەکە ھەڵەی گەورەی دەست پێکردووە، ئێستا رێگەیەکی بازرگانیی لە (گەلێ بارێ) لە سووریا کردووەتەوە کە ھەر شتێک بێتە خانەسۆر و سنوونێ باجی دەبێ، ھەروەھا رێگەیەکی بۆ ئەو عەرەبانە کردووەتەوە کە ھاوکاریی داعشیان کردووە، بێ گومان لەو رێگەیەشەوە داعش ھەر شتێکی بیەوێ دەستی دەخات”.
زیاتر لەو بارەوە قسەی کرد و گوتی: “پەکەکە دەرگای خۆی کردووەتەوە بۆ داعشەکانی بەعاج و بلێج، کە دەستیان بە خوێنی کورد سوور بووە، ئەوەتا ھێزەکەی (عەبدولڕەحیم شەمەری) لەوێ ھەیە و ھاوئاھەنگییان لەگەڵ ئەواندا ھەیە، جا ھەر داعشێک ڕابکات دەچێتە لای ئەوان، ھەر بۆیە پێویستە سنوورێک بۆ پەکەکە دابنرێت و ناکرێت بەو شێوەیە بەردەوام بن، چونکە ناکرێت لەمە زیاتر لە شنگال بمیننەوە، لەبەرئەوەی خەڵکی شنگال دژی ئەوەیە ئەو ھێزە لە سنووری شنگال ھەبێت.''
لەبارەی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ پەکەکە و ئەنجامەکانی، ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە رای گەیاند، لەسەر ماڵی خۆمان رێککەوتن لەگەڵ ھیچ ھێزێک ناکەین، ئێرە خاکی خۆمانە و شنگال خاکی ھەرێمی کوردستانە، گوتی: “پەکەکە ھاتووە خۆی سەپاندووە و دەبێت ناوچەکە چۆڵ بکات، شوێنی خەباتی ئەوان ئەگەر بۆ کوردایەتییانە ئەوە دیارە کوێیە، بەڵام ماڵی خۆی بەتەواوی چۆڵ کردووە ھاتووە دەیەوێ لێرە خۆی فەرز بکات، ئێمە تەنیا داوامان کردووە لێیان دۆخی کوردستان ئاڵۆز نەکەن و شنگال چۆڵ بکەن، نەک بۆ ئەوە چووبین لەگەڵیان دابنیشین تا لەگەڵیاندا رێک بکەوین”.
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە جەختی لەوە کردەوە، پەکەکە بووەتە حەشدی شەعبی و لەلایەن تەیارێکی شیعە کە لەلایەن نووری مالیکی ئاراستە دەکرێ، فەرمان وەردەگرێ، گوتی: “بابەتەکە پێیوستی بە بەڵگە نەماوە، پەکەکە ئەجێندای مالیکی و تەیاری شیعەی سەر بە مالیکی جێبەجێ دەکات”.
لەبارەی دوا کۆبوونەوەشیان لەگەڵ پەکەکە رای گەیاند، بۆیان روون کردوونەتەوە کە ھەر ماڵ و ھەر گوندێک و شارێک سنووری خۆی ھەیە، ئەگەر براش بین ئەوە دەبێت رێز لە سنووری ماڵی یەکتری بگرین، گوتی: “داوامان کردووە ئەو حسابە لەبەرچاو بگرن و واز لەو ئەجێندایەی دژ بە گەل و خاکی ھەرێمی کوردستان بھێنن و بگەڕێنەوە بۆ برایەتی، با ناچار نەبین کارێک روو بدات کە دوژمنانی کورد و کوردستان دڵیان پێی خۆش بێت”.
باسنیوز
