مامۆستایەکی زانکۆ: بوونی پەکەکە لە کوردستاندا مەترسییە بۆ سەر ئەزموونی هەرێم

مامۆستایەکی زانکۆ: بوونی پەکەکە لە کوردستاندا مەترسییە بۆ سەر ئەزموونی هەرێم
مامۆستای زانکۆ، (عەبدولڕەحمان شنگالی) دەڵێ، (پەکەکە) دەیانەوێت پڕۆژەی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان ڕابگرن، بۆیە لە شنگال پشێوی دەنێنەوە و، بوونی (پەکەکە) مەترسییە بۆسەر ئەزموونی هەرێمی کوردستان، بۆیە پێویستە شنگال و هەرێمی کوردستان چۆڵ بکەن.

چاودێرانی سیاسی دەمێکە ئاشکرایان کردووە، (پەکەکە) دەیەوێت کێشە بۆ دامودەزگاکانی حکوومەت و ئەزموونی هەرێمی کوردستان دروست بکات، بۆیە لە شنگال پشێوی دەنێتەوە. مامۆستای زانکۆ (عەبدولڕەحمان شنگالی) دەڵێ، زیاتر لە دوو ساڵە هێزەکانی سەر بە (پەکەکە) لە شنگاڵن و ئێستا هەبوونی ئەم هێزانە لە هەموو جێیەکی کوردستان مەترسییە، چونکە هێزەکانی سەر بە (پەکەکە) لە ناوچەکانی ئامێدی و ئاکرێش هەن و، لە هەمووی ئەو شوێنانە مەترسین لە سەر ئەزموونی هەرێمی کوردستان.

(عەبدولڕەحمان شنگالی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''(پەکەکە) چەندین پەڕۆی جۆراوجۆری لەبری ئاڵای کوردستان هەڵکردووە و ددان بە ئاڵای کوردستاندا نانێت و دەیانەوێ شنگالیش بەسەر چەند ناوچەیەکدا دابەش بکەن و بیکەنە کانتۆن و ناوی جۆراوجۆر، کە ئەمەش خزمەت بە شنگالییەکان ناکات. ئێستا خەڵکی شنگال پێویستیان بە هاوکاریکردنە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال، نەک خاکەکەیان دابەش بکرێت.''

ئەو مامۆستای زانکۆیە دەڵێ: ''شنگال پێویستی بە هەرێمی کوردستانە، هەرهێزێک بیەوێت لە شنگال بێت، دەبێ بڕیار لە وەزارەتی پێشمەرگە وەربگرێت و دەبێ هێزەکانی (پەکەکە)ش بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان و شنگال چۆڵ بکەن.''

(عەبدولڕەحمان شنگالی) دەشڵێ: ''(پەکەکە) دەیەوێت کێشە بۆ پێشمەرگە دروست بکات و بووەتە مەترسی لەسەر ناوچەکە. ئەوان، ئەجێندای دەرەکی جێبەجێ دەکەن و دەیانەوێت سەربەخۆییی کوردستان ڕابگرن، بۆیە پشێوی دەنێنەوە''.
kdp-
Top