"مالیکی هاوکاریی پەکەکە دەکات تا پشێوی بنێنەوە"
ئەندامی لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان (محەمەد سادق سوورچی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بوونی (پەکەکە) لە شنگال بۆ نانەوەی ئاواژە و فیتنەیە، دەنا ئێستا شنگال ھیچ پێویستیی بە (پەکەکە) نییە و ھێزی پێشمەرگە دەیپارێزێت.''
(محەمەد سادق سوورچی) گوتی: ''(پەکەکە) بە ناوی جیاجیا چەندین گرووپی لە شنگال دروست کردووە، کە هەموویان ھەر (پەکەکە)ن و ھیچ کەسی دیکە نین، بۆیە پێویستە ھەرچۆنێک بێت، (پەکەکە) لە شنگال نەمینێت و بکشێتەوە، بۆ ئەوەی ئارامی بۆ شنگال بگەڕێتەوە و جارێکی دیکە ئەو شارە وێرانە ئاوەدان بکرێتەوە، چونکە (پەکەکە) ڕێ لە ئاوەدانکردنەوەی شنگال دەگرێت.''
ئەو ئەندامەی لیژنەی پێشمەرگە ڕوونیشی کردەوە: ''بوونی (پەکەکە) لە شنگال دەستی دەرەکیی لەپشتە؛ (مالیکی)ش بە پارە و چەک ھاوکارییان دەکات، بۆ ئەوەی لە شنگال بمێننەوە و نەکشێنەوە و ئاژاوە بنێنەوە و پشێوی بۆ دامودەزگانی حکوومەتی هەرێم دروست بکەن.''
kdp-
