شنگالی: هەر چەکدارێکی پەکەکە لە شنگال مانگانە 700 هەزاریان پێ دەدرێت
د. ماجید شنگالی، نوێنەری شنگالییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: "ئەو شاندەی چووە ئێران، لەسێ لایەن پێکھاتبوون، ھەندێک گرووپی حەشدی شەعبی بوون، ھەندێک گرووپی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بوون، یەکێکی دیکەش کوڕی بابەشێخ بوو کە دواتر پەشیمان بووەوە، بۆیە دەبێت پەکەکە لە شنگال نەمێنێت، چونکە مەترسیی ئەوە ھەیە کە شنگال بکرێتە ناوچەیەکی مەترسیداری ھەرێمی کوردستان".
نوێنەری شنگالییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرای عێراق ئەوەشی ڕوون کردەوە: "پەکەکە لە چوارچێوەی حەشدی شەعبی، ھەزار کەسیان بۆ دامەزراوە، لە بەغداوە پارەیان بۆ دێت و هەر چەکدارێک 700 هەزار دینارە، زانیاریی ئەوەش ھەیە کە لەنێو چەکدارانی پەکەکە، چەکداری بە نەتەوە تورک، سووری و ڕووسی هەن کە پارەکان بۆ چەکدارە عێراقییەکان نێردراوە، بەڵام پەکەکە پارەی کردووە بە دووبەشەوە، بەشێکیان بە چەکدارە بیانییەکان دەدات کە ناسنامەیان دیار نییە".
ماجید شنگالی لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد: “زانیاریمان ھەیە کە ئێستا پارەی مانگی 2ی 2017 بە هێزەکەی پەکەکە لە شنگال دراوە، ھەروەھا چەکی جۆراوجۆری پێشکەوتووشیان لە بەغدا وەرگرتووە”. گوتیشی: “یەکێک لە فەرماندەکانی پەکەکە لە شنگال ناوی سەعید حەسەنە، 500 چەکداری پەکەکەی ھەیە، ڕاستەخۆ لە بەغداوە پارەکان وەردەگرێت، بەسەر چەکدارانی پەکەکە دابەشی دەکات".
پێشتر سەعید حەسەن، فەرماندەی پەکەکە لە شنگال، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی کەناڵی (ئافاق)ی سەر بە نووری مالیکی، دانی بەوەدا نابوو کە بەشێکن لە دەستەی حەشدی شەعبی و ئامانجیان ئەوەیە شنگال بۆ سەر هەرێمی کوردستان نەگەڕێتەوە و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دروست نەبێت.
باسنیوز
