عەرەبستانی سعودیە ھاوکاریی ئاوارە و پەنابەرن لە ھەرێمی کوردستان دەکات
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 6/3/2017 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە د. عەبدولڵا عەبدولعەزیز محەمەد ئەلڕەبیعە، ڕاوێژکار لە دیوانی پاشایەتیی عەرەبستانی سعودیە و سەرپەرشتیاری گشتیی دەزگای (شا سەلمان) بۆ ھاوکاری و کاری مرۆیی و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا ئەلرەبیعە، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی ھەرێمی کوردستان، دووپاتی کردەوە ئەم سەردانەی نیشانەی گرنگیدانی خودی شا سەلمانی شای عەرەبستانی سعودیەیە، بە عێراق و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی، چونکە سەردانەکەی لەسەر ڕاسپاردەی ڕاستەوخۆی شا سەلمان بووە و تێیدا لێکۆڵینەوە دەربارەی کردنەوەی سەنتەری شا سەلمان لە ھەرێمی کوردستان، بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و ھاوکاریی مرۆیی دەکەن.
سەرپەرشتیاری گشتیی دەزگای شا سەلمان، ھیوایشی خواست ھەرێمی کوردستان بەسەر ئەو ھەموو کێشە و قەیرانانەدا زاڵ بێت کە ڕووبەڕووی بوونەتەوە و بتوانێت بە ھاوکاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، یارمەتیی ئەو ئاوارە و پەنابەرانە بدات، کە لە ھەرێمی کوردستان حەوێنراوەنەتەوە، ھەروەھا پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە ھەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند.
لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، سوپاسی ئەو سەردانە و ھاوکارییە مرۆییەکانی عەرەبستانی سعودیەی بۆ ھەرێمی کوردستان کرد و تیشکی خستە سەر دۆخی ھەرێمی کوردستان و ئەو سەختیانەی لە ساڵی 2014ەوە ڕووبەڕووی بوونەتەوە، وەک بڕینی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، ھێرش و ھەڕەشەی تیرۆرستانی داعش، ھاتنی ژمارەیەکی زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر و دابەزینی نرخی نەوت کە کاریگەرییەکی زۆر نەرێنییان لەسەر ھەرێمی کوردستان ھەبووە، بەھۆیەوە نزیکەی 3500 پڕۆژە وەستاون. ھیوایشی خواست ھەرێمی کوردستان بتوانێت لە سندوقی پارەدارکردنی سعودیە کە پارە بە قەرز دەداتە پڕۆژەکان لە وڵاتان، سوودمەند بێت.
سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، دووپاتیشی کردەوە کە خەرجی ئاوارە و پەنابەران لە ساڵێکدا لەسەر حکوومەتی ھەرێمی زیاتر لە لە ملیارێک و 4 سەد ملیۆن دۆلار دەکەوێت و بەغداش بە جددی ئاوڕی لەم پرسە نەداوەتەوە، ھەروەھا داوای کرد دەزگای شا سەلمان، لە ھەرێمی کوردستان دەست بەکار بێت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بە ڕاپۆرتێک دەربارەی پێویستییە مرۆییەکانی ھەرێمی کوردستان، بە ڕیگەی کونسوڵخانەی گشتی عەرەبستانی سعودیەوە، پێشکەش بە دەزگای شا سەلمان دەکەن.
سەرۆک وەزیران، سەبارەت بە بارودۆخی عێراقیش، جەختی لە گرنگیی بەشداری پێکردنی ھەموو لایەنەکان لە پڕۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی عیراقدا کردەوە، چونکە ئەوەی لە عێراق ڕوویداوە ئەنجامی ئەو سیاسەتە ھەڵانەیە کە لەلایەن حکوومەتەکانی عیراقەوە پەیڕەو کراون.
لە کۆتایی دیدارەکەدا ئەلڕەبیعە، یادگارێکی دەزگای شا سەلمانی پێشکەش بە نێچیرڤان بارزانی، کرد.
باسنيوز
