وەزارەتی ئەوقاف: لەمەودا ناونیشانی وتاری هەینی بۆ مامۆستایانی ئایینی دیاری دەكرێت

 وەزارەتی ئەوقاف: لەمەودا ناونیشانی وتاری هەینی بۆ مامۆستایانی ئایینی دیاری دەكرێت
ئەندامی بۆردی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف ڕای دەگەیەنێت، لە یەك‌تێنەگەیشتنێك لە نێوان وەزارەتی ئەوقاف و مامۆستایانی ئایینیدا هەبوو، چارەسەر كرا.

مامۆستا بەشیر حەداد، ئەندامی بۆردی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف ڕایگەیاند: "لەیەك تێنەگەیشتنێك لە نێوان وەزارەتی ئەوقاف و مامۆستایانی ئایینیدا هەبوو، بەڵام لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ دووشەممە 6/3/2017دا چارەسەر كرا، مامۆستایانی ئایینی وا تێگەیشتبوون كە وەزارەتی ئەوقاف دەیەوێت سنووریان بۆ دابنێت و وتاریان بۆ دەنووسێتەوە، بەڵام بڕیارەكە تەنیا خۆی لە ڕێكخستنەوەی وتاری ئایینیدا دەبینێتەوە، هەروەها لە هەفتەیەكدا تەنیا سێ ناونیشان بۆ مامۆستایانی ئایینی لەلایەن وەزارەتی ئەوقافەوە دیاری دەكرێت، ئەوكاتە ئەوان دەتوانن و سەرپشکن لەسەر یەكێك لە ناونشانەكان وتار بدەن".

ئەوەشی خستەڕوو، لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ دووشەممەدا لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی، بۆیان ڕوون بووەوە كە بڕیارەكە بەو جۆرە نییە كە پێشتر لێی گەیشتبوون، بۆیە بەشی زۆریان گلەیان نییە و كۆ دەنگن لەسەری، هەروەها هەر وتارێك كە لە مزگەوتەكانەوە دەدرێت، دەبێت لەسەر چەند بنەمایەك كە بریتین لە ناو نەزڕاندن، تەشهیر نەكردن، سووكایەتی نەكردن بە هیچ ئایین و لایەنێك."

ساڵی ڕابردوو وەزارەتی ئەوقاف بڕیاری یەكخستنی وتاری ئایینی لە سەرجەم مزگەوتەكانی هەرێمی كوردستان دا، بەڵام هێشتا بڕیارەكە نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.











باسنیوز
Top