هێزە ئەمریکییەکان ڕێڕەوی فڕۆکەخانەی کۆبانێ فراوان دەکەن

 هێزە ئەمریکییەکان ڕێڕەوی فڕۆکەخانەی کۆبانێ فراوان دەکەن
سەرچاوەیەکی سەربازی لە هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە) ئاشکرای کرد، هێزەکانی ئەمریکا، دەستیان بە فراوانکردنی ڕێڕەوی فڕۆکەخانەی کۆبانێ لە باشووری شارەکە کردووە و ئەرکی پاراستنی فڕۆکەخانەکەشیان لە باڵی سووریای پەکەکە وەرگرتووەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ئەمڕۆ دووشەممە 6\3\2017 ئەوەشی ئاشکرا کرد: “هێزەکانی ئەمریکا کار لەسەر فراوانکردنی ڕێڕەوی فڕۆکەخانەی کۆبانێ دەکەن، بۆ ئەوەی پێشوازی لە فڕۆکەی زەبەلاح بکەن”. ڕوونیشی کردەوە: “سەدان تەکنیککار و پسپۆڕ و سەربازی ئەمریکی هێندراونەتە فڕۆکەخانە”.

بە گوتەی سەرچاوەکە، پێشتر ڕێڕەوی فڕۆکەخانەی کۆبانێ درێژییەکەی 1100 مەتر بووە، پانییەکەشی 60 مەتر بووە، بەڵام ئێستا درێژییەکەی گەیەندراوەتە 1700 مەتر و پانییەکەشی 110 مەترە و کار کردنیش تێیدا بەردەوام.

سەرچاوە سەربازییەکە لە لێدوانەکەیدا ئەوەشی ئاشکرا کرد: “ئەمریکییەکان بە نیازن کە سیستەمێکی ڕاداری پێشکەوتوو لەسەر بەرزاییەکانی دەوروبەری فڕۆکەخانە دابنێن، بەو ئامانجەی کە فڕۆکەخانەکە لە ئەگەری هەر هێرشێکی ئاسمانی بپارێزن”.

گوتیشی: “دوای گەیشتنی ژمارەیەکی زیاتری سەربازی ئەمریکی بۆ کۆبانێ، ئەمریکییەکان سەرجەم چەکدارانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)یان ناردووەتە شوێنی دیکە، لە کاتێکدا پێشتر ئەوان ئەرکی پاراستنی فڕۆکەخانەکەیان پێ سپێردرابوو”.

هێزەکانی ئەمریکا دوو بنکەی سەربازی لە ناوچەکانی کۆبانێ و ڕمێلان لە ڕۆژئاوای کوردستان هەیە کە بۆ مەبەستی گەیاندنی هاوکاریی لۆجستی بۆ هێزەکانی سووریای دیموکراتی لە دژی ڕێکخراوی توندڕەوی داعش بەکاری دەهێنن.

یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، هێزێکی چەکدارییە کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سووریا دروستی کردووە و لەژێر ئەو ناوەدا کارەکانی ئەنجام دەدات.












باسنیوز
Top