گوتەبێژی فەرمیی پارتی: لە پەیامەکەی بارزانی پاشگەز نەبووینەتەوە

 گوتەبێژی فەرمیی پارتی: لە پەیامەکەی بارزانی پاشگەز نەبووینەتەوە
گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتیی کوردستان ڕای گەیاند، بەهیچ شێوەیەک لە پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پاشگەز نەبوونەتەوە کە کراوەتە ئەجێندای کۆبوونەوەکان.

مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی، لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا، لەبارەی کۆبوونەوەی نێوان لایەنەکان ئاماژەی بەوە کرد کە لە کۆبوونەوەکانی پێشوودا بابەتی کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی باسی لێوە کراوە، بەڵام بڕیار دراوە کە کۆبوونەوەکان فراوانتر بکرێن و نوێنەرانی (تورکمان، کلدان و ئاشوو) و پێکهاتەکانی دیکەش بەرشدار ببن.
جەختیشی لەوە کردەوە: ”هیچ پەشیمان بوونەوەیەک لەو پەیامە نییە کە پێشتر بارزانی خستوویەتیە ڕوو و کراوە بە ئەجێندای کۆبوونەوەی نێوان لایەنەکان“.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی ڕەوشی شنگال، مەحموود محەمەد ئاماژەی بەوە کرد: “شنگال بەشێکە لە هەرێمی کوردستان و دەبێت بەپێی یاسا و ڕێساکانی کوردستان بەڕێوە بچێت، بۆیە داوامان لە پەکەکە ئەوە بووە کە ڕێز لە یاساکانی کوردستان بگرێت، بەڵام ئەوەی نەکردووە و نایکات، تەنانەت پەکەکە دان بە دامەزراوەکانی کوردستان و هەڵبژاردنەکاندا نانێت”. ئەوەشی ڕوون کردەوە کە باشترین چارەسەر ئەوەیە پەکەکە لە شنگال بکشێتەوە.

هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا گوتەبێژی فەرمیی پارتی، باسی لەو هەڵکوتانە کرد کە هێزە ڕەشەکەی یەکێتی لە کەرکووک بۆ سەر وێستگەکانی هەناردەکردنی نەوت ئەنجامی دا و ڕای گەیاند: “ئەگەر پێویست بەوە بووایە، حکوومەت هێزێکی فەرمی دەنارد، نەک لایەنێکی سیاسی، چونکە ئەمە شتی دیکەش دەخولقێنێت، ناکرێت هەر کەسێک هێزی هەبوو، هەڵبکوتێتە سەر بیرە نەوتییەکان”.
























باسنيوز
Top