عادل موراد (پێشمەرگە) بە ”دەستدرێژیکار و گرووپی چەکداری“ وەسف دەکات

عادل موراد (پێشمەرگە) بە ”دەستدرێژیکار و گرووپی چەکداری“ وەسف دەکات
سەرکردەیەکی یەکێتیی، پشتیوانی لە شەڕهەڵگیرساندنەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەرامبەر بە پێشمەرگە دەکات.



عادل موراد، سەرۆکی ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، وەک دەربڕینی پشتیوانییەک بۆ شەڕهەڵگیرساندەکەی پەکەکە، بارودۆخەکەی بە ”دەستدرێژی“ی پێشمەرگە بۆ سەر پەکەکە لە خانەسۆر و سنوونێ لێک داوەتەوە و پێشمەرگەشی بە ”چەند گرووپێکی چەکداریی کوردیی نزیک لە تورکیا و هاوپەیمانەکانی لە هەرێمی کوردستان“ وەسف کردووە.



عادل موراد ئەو دۆخەی شنگالی بە ”پیلان و بەرنامەی ئەنکەرە و ئەستەنبۆڵ بۆ کپکردن و لەناوبردنی شۆڕشی کورد لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان“ لێک داوەتەوە. هاوکات داوای کردووە کە کوردانی ئێزدی خۆیان ئەو هێز و لایەنانە هەڵبژێرن کە بە نوێنەر و پارێزەری خۆیانی دەزانن.



لە کۆتایی نووسینەکەیدا سەرۆکی ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتی داوای لە بەرپرسانی پەکەکە لە سووریا کردووە کە خۆیان وەک پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) ناساندووە، سووتاندن و تێکدانی بنکە و بارەگاکانی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ئەنەکەسە) و پارتەکانی نێو ئەو ئەنجومەنە ڕابگرێت.





باسنيوز
Top