فەرماندەیی گشتیی پێشمەرگە: پەکەکە چەکی قورس لە سووریاوە بۆ شنگال دەگوازێتەوە
له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا کە له پێگه‌ی فه‌رمیی فه‌رمانده‌یی گشتیی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە: “دوای خولی دووه‌می گفتوگۆكان له نێوان به‌رپرسانی پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی سه‌ر به په‌كه‌كه، دوو فه‌رمانده‌ی په‌كه‌كه به ناوه‌كانی (عه‌گید جێڤیان و زه‌كی شنگالی) ڕایان گه‌یاندووه كه به‌بێ فه‌رمانی سه‌ركردایه‌تیی په‌كه‌كه له قه‌ندیل، ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتی هیچ جۆره بڕیاردانێكیان نه‌بووه.
له ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئەوە ئاشکرا کراوە، فەرماندەی په‌كه‌كه لە شنگال خه‌ڵكی باکووری کوردستان و تورکیایە و هیج په‌یوه‌ندییه‌كی به شنگاله‌وه نییه. ئه‌وه له كاتێكدایه، ئه‌و هێزه‌ی یه‌به‌شه كه سه‌ر به په‌كه‌كه‌یه، ڕۆژی هه‌ینیی ڕابردوو، هێرشیان كرده سه‌ر هێزەکانی پێشمه‌رگه، ده‌گوترێت “له خه‌ڵكی ناوچه‌كه، واتا كوردانی ئێزیدی پێكهاتووه”.
فەرماندەیی گشتیی پێشمەرگە تیشکی خستووەتە سەر هەوڵەکانی پڕچەککردنی هێزەکانی پەکەکە لە شنگال و ئاماژەی بەوە داوە: “ئەمڕۆ په‌که‌که به‌رده‌وامه له گواستنه‌وه‌ی هێزی زیاتر و چه‌کی قورس له سووریاوه بۆ سه‌ر سنوور و ناوچەی خانەسۆر له هه‌رێمی کوردستان، به مه‌به‌ستی زیادکردنی ئاڵۆزییه‌کان”.
له درێژه‌ی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه: “شنگال و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری، به‌شێكن له خاكی هه‌رێمی كوردستان و عێراق به گشتی، په‌كه‌كه له دژی خواستی ئێزیدییه‌كان، هێزه‌كانی خۆی بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ له‌م ناوچه‌یه جێگیر كردووه”.
فه‌رمانده‌یی گشتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ئه‌م ڕووداوانه‌ی دوایی به سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵاتخوازیی په‌كه‌كه گرێ دەدات كه “ته‌نانه‌ت له ڕۆژئاوای كوردستانیش خۆیان به‌سه‌ر خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌دا ده‌سه‌پێنن”. هه‌روه‌ها ئاشكرای ده‌كات كه “زۆرێك له شه‌ڕڤانانی په‌كه‌كه له ناو شنگال و ده‌وروبه‌ری، پشتیوانیی دارایی له میلیشیا شیعه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی وه‌رده‌گرن”.
ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به داواكاریی به‌رپرسانی ئیداری و ئه‌منیی شنگال، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و ئه‌نجومه‌نی ڕۆحانیی کوردانی ئێزدی کردووە کە بۆ چۆڵكرندنی شنگال له لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه به مه‌به‌ستی گه‌ڕاندنه‌وه ئاواره‌كان و دووباره بونیادنانه‌وه‌ی ناوچه‌ی کوردانی ئێزدی،خراوەتە ڕوو.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: “وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه نزیكه‌ی 8 هه‌زار ئێزیدی له‌خۆی گرتووه له چوارچێوه‌ی ئه‌و هه‌وڵه‌ی كه ناوچه‌كانی ئێزدی له ڕووی ئه‌منییه‌وه ئۆتۆنۆمییان پێ ببه‌خشرێت، به‌ڵام هێزه‌كانی په‌كه‌كه تاكه هێزن له‌م ناوچه‌یه له ده‌ره‌وه‌ی دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كان چالاكی ده‌كه‌ن”.
لە کۆتاییشدا فەرماندەیی گشتیی پێشمەرگە بە ڕاشکاوانە ڕای گەیاندووە، هه‌رێمی كوردستان له هیچ لایه‌نێكی قەبووڵ ناكات، ببێته هۆی ترس و دڵه‌ڕاوكێ له ناوچه‌كه و نیازی ده‌ست پێ كردنی تێكهه‌ڵچوونی چه‌كداریشی نییه، بۆیە “دووباره حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوا له په‌كه‌كه ده‌كات، شنگال و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری چۆڵ بكه‌ن”.
ڕۆژی هەینی 3\3\2017، چەکدارانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) کە هێزێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ن و لە شنگال ئەو ناوەیان لەخۆیان ناوە، شەڕیان لەدژی هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەڵگیرساند و ماوەی چەند کاتژمێرێک شەڕ ڕووی دا.
بەپێی زانیارییەکان، لە شەڕەکەدا چوار بەرپرسی سەربازیی پەکەکە کوژراون کە هەر چواریان خەڵکی باکووری کوردستانن، بەڵام لەلایەن پەکەکەوە وەک خەڵکی باکووری کوردستان ناوەکانیان ڕانەگەیەندراوە. ئەو چوار بەرپرسە سەربازییەش نازناویان لە نێو پەکەکە (چەکۆ، ئۆرهان، فیراز و تێکۆشین) بووە.
باس‌نیوز
