سنوونێ.. زیاتر لە 300 خێزان بەھۆی شەڕی پەکەکەوە ئاوارە بوون
بەڕێوەبەری شارەدێی سنوونێ لە شاری شنگال ڕای دەگەیەنێت، زیاتر لە 300 خێزان لە کۆمەڵگەی خانەسۆر لە سنووری شارەدێکەیدا ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ ھێشتووە و ئاوارە بوون.
نایف سەیدۆ، بەڕێوەبەری شارەدێی سنوونێ، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئێستا دۆخەکە ئارامە و بازاڕ کراوەتەوە و لەلایەن ھاووڵاتییانەوە ھاتوچۆ هەیە، بەڵام ھێشتا ترسی ھاووڵاتییان نەڕەویوەتەوە، زیاتر لە 300 خێزان ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ ھێشتووە و لە مەزارگەی شەرەفەدین و کۆمەڵگەی دوگری نیشتەجێ بوون، ئەمەش بەھۆی دروستبوونی ئەو ئاڵۆزییانەی پەکەکە لە ناوچەکە دروستی کردوون".
ئەوەشی ڕوون کردەوە: "بەشێک لەو خێزانانەی لە خانەسۆر ڕۆشتوون، لە کۆمەڵگاکەکانی دوگری، مەزارگەی شیشمس و شەرەفەدین نیشتەجێ بوون، بەڵام دیار نییە ئەو خێزانانە جارێکی دیکە لە ترسی پەکەکە دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان یان نا".
بەڕێوەبەری شارەدێی خانەسۆر ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەگەر پەکەکە لە ناوچەکەدا بمێنێتەوە، خەڵکی زیاتر ئاوارە دەبن و ڕوو لە کەمپەکانی دھۆک و ھەولێر دەکەن.
BAS NEWS-
