سبەی پارەی ھاندانی مامۆستایانی پەروەردەکانی پێنجوێن و شاباژێر دابەش دەکرێت
ئەگەرچی بڕیار بوو ھەفتەی ڕابردوو، پارەی ھاندانی مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو، لە ھەردوو بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەکانی پێنجوێن و شارباژێڕ، دابەش بکرێت، بەڵام دابەشکردنی پارەکە کەوتە سبەینێ و بەوەش کۆتایی بەدابەشکردنی پارەی ھاندانی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو مامۆستایانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، دێت.
ڕاوێژ عومەر، لە بەشی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی شارباژێڕ، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئاگاداری سەرجەم بەڕێوەبەری قوتابخانە و خوێندنگاکانی سنووری پەروەردەکەمان دەکەین، سبەینێ دووشەممە 6/3/2017 کاتژمێر 9ی سەرلەبەیانی بەمەبەستی وەرگرتنی چەکی پارەی ھاندانی مامۆستایان، سەردانی بەشی ژمێریاری بکەن".
ئاشکرای کرد: "ھەر لەھەمان ڕۆژدا پارەی ھاندانی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەکرێت".
لەمبارەوە ئیسماعیل عەبدلوڵا، بەڕێوەبەری پەروەردەی پێنجوێن، بۆ (باسنیوز) رای گەیاند: "سبەینێ دووشەممە پارەی ھاندانی مامۆستایان بۆ مانگی 12ی ساڵی 2016ی لەسنووری پەروەردەمان دابەشدەکرێت".
بەڕێوەبەری پەروەردەی پێنجوێن، ئەوەشی ڕوون کردەوە: "پێویستە خودی بەڕێوەبەری خوێندنگا و قوتابخانەکان سەردانمان بکەن، دابەشکردنی ئەو پارەیەش لەکاتێکدایە نزیکەی 2 ھەفتەیە ناوی تەواوی مامۆستایانی میلاکی ھەمیشەیی و گرێبەستمان ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی کردووە".
پێشتر پەروەردەکانی شارەزوور، سەیدسادق، قەرەداغ، دۆکان، ڕانیە و ھەردوو پەروەردەی ڕۆژئاوا و ڕۆژھەڵات، پارەی ھاندانیان وەرگرتووە و تەنیا پەروەردەکانی پێنجوێن و شارباژێڕ، ماون و سبەی کۆتایی بەو دابەشکردنە دێت.
BAS NEWS-
